لە عێراق ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا 900 هەزار كەسی تێپەڕاند
  2021-04-08       456       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا حەوت هەزارو 817 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركراون بەوەش كۆی گشتی توشبوان گەیشتۆتە زیاتر لە 900 هەزار كەس، هاوكات 34 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 49 هەزارو 388 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان حەوت هەزارو 817 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە چوار هەزارو 883 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 34 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە پێنج حاڵەتیان لە پارێزگاكانی هەرێم تۆماركراون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 903 هەزار و 439 كەس و لەوانە 14 هەزارو 606 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 799 هەزارو 327 كەسیان چاكبونەتەوەو 89 هەزارو 506 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 454 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×