مەشق و راهێنانەكانی پێشمەرگە بەهۆی كۆرۆناوە راگیران
  2021-04-09       448       

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند بەهۆى بەرزبونەوەى ژمارەى توشبوانی کۆرۆنا سەرجەم مەشق و راهێنانەکان لە بنکەکانى مەشقى سەربە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماوەى دو هەفتە راگیران.

ئاوێنە: لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگرى سوپاسالاری وەزارەتى پێشمەرگە بە میدیاكانی پارتی راگەیاند"وەزارەتى پێشمەرگە ساڵانە بەپێى خشتەیەکى دیاریکراو مەشق و راهێنانەکانى ئەنجام دەدات، هەرچەندە ئەمساڵیش بەپێى خشتەکە دەستمان کردوە بە پڕۆسەى مەشق پێکردنى هێزەکانمان، تا ئێستاش ژمارەیەک بەتالیۆن مەشقەکانیان تەواو کردوە، بەڵام بەهۆى بەرزبونەوەى ژمارەى توشبوان بە ڤایرۆسى کۆڕۆنا، سەرجەم مەشق و راهێنانەکان لە بنکەکانى مەشقى سەر بە وەزارەت بۆ ماوەى دو هەفتە راگیرانەوە."

راشیگەیاند"دواى ئەو ماوەیەى کە دیاریکراوە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەین، ئەگەر دۆخەکە بەرەوباشى بچێت دەست بە مەشقەکانمان دەکەینەوە، ئەگەر بارودۆخەکەش هەر بەم شێوەیە بو یان بەرە و خراپتر بو، ئەوا راگرتنى مەشق درێژ دەبێتەوە."

ئاماژەى بە ئەوەش کرد"ساڵانە لە هەمو بارودۆخێکدا و تەنانەت لە مانگى رەمەزانیشدا پڕۆسەى مەشق و راهێنان بەردەوام بو، بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە جیایە بەهۆى تەشەنەکردنى کۆڕۆنا نەتواندرا درێژە بە پڕۆسەکە بدرێ، چونکە پاراستنى گیانى پێشمەرگە لە پێشەوەى هەمو شتێکە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×