دانەنانی كورسی بۆ سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، ناكۆكی دەخاتە نێوان توركیاو ئەوروپا
  2021-04-09       2322       

دانەنانی كورسی بۆ ئۆرسۆلا ڤون دەرلاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا لە دیداریدا لەگەڵ ئەردۆغان لە كۆشكی كۆماری ئەو وڵاتە، ناكۆكی خستە نێوان توركیاو ئەوروپا. سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا لەوبارەیەوە ئەردۆغان-ی بە "دیكتاتۆر" ناوبردو لەسەر ئەوە توركیاش باڵیۆزی ئیتالیای لەوڵاتەكەی بانگهێشتكرد.

ئاوێنە: رۆژی سێشەممەی رابردو، ئۆرسۆلا ڤون دەرلاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپاو چارڵس میشێل، سەرۆكی ئەنجومەنی یەكێتی ئەوروپا لە كۆشكی كۆماری توركیا لەلایەن ئەردۆغانەوە پێشوازییان لێكرا.

ئۆرسۆلا ڤۆن دەرلاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا توشی سەرسوڕمان بو كاتێك لەگەڵ ئەردۆغان و سەرۆكی یەكێتی ئەوروپا چونە هۆڵی دانیشتنەكەی كۆشكی كۆماری و تەنها دو كورسی لێ دانرابو و یەكێكیان ئەردۆغان لەسەری دانیشت و ئەویدیكەیان چارڵس میشێل.

ڤون دەرلاین بۆ ماوەیەك بەپێوە مایەوەو دواتر بە ناچاری لەسەر قەنەفەیەك بەرامبەر وەزیری دەرەوەی توركیا دانیشت.

سەردانەكەی ئەو دو بەرپرسە ئەوروپییە لەپێناو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەوروپاو توركیا بو، بەڵام لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤیدیۆییەی دانیشتنەكەو بینینی بێبەشكردنی ڤوندەرلاین لە كورسی، جارێكی دیكە ناكۆكییەكانی نێوان ئەنقەرەو وڵاتانی ئەوروپا گرژی دیكەی بەخۆیەوە بینی.

ماریۆ دراگی، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، ئەردۆغانی تۆمەتباركرد بە سوكایەتیكردن بە سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپاو رایگەیاند، ئەردۆغان دیكتاتۆرە.

لەسەر ئەو وتانەی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا، باڵیۆزی ئەو وڵاتەی لە ئەنقەرە بانگهێشت كرد.

هەروەها مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، پرۆتۆكۆلی پێشوازیكردنەكە لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لەسەر خواستی یەكێتی ئەوروپا بەو جۆرە بوە.

گرتەی ڤیدیۆیی بێزاربونی سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا بەهۆی دانەنانی كورسی بۆی، بەشێوەیەكی بەرچاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوەوە، توركیای روبەڕوی رەخنەی زۆر كردەوە.

بەشێك لە رەخنەكان سەبارەت بە دانەنانی كورسی بۆ ئۆرسۆلا ڤون دەرلاین، سەرنجیان چوەوە سەر بڕیارەكەی ئەم دواییەی توركیا بۆ كشانەوەی لە رێككەوتنی نێودەوڵەتی روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، كە ئەو بڕیارەی توركیا یەكێك لە تەوەرەكانی دانیشتنەكەی رۆژی سێشەممەی نێوان دو بەرپرسەكەی ئەوروپاو ئەردۆغان بوە.

سۆفی ئێن فیڵد، ئەندامی پەرلەمانی ئەروپا، رایگەیاند كە ئەو سوكایەتییە بەرامبەر بە سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەروپا لەلایەن توركەكانەوە بە ئەنقەست بوە، گومانی خۆی نیشاندا كە بەهۆی ئەوەوە بوبێت كە سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا ژنەو مامەڵەیەكی یەكسانی لەگەڵدا نەكرابێت.

هەروەها ئیراتكس گارسیا پێرێز، سەرۆكی هاوپەیمانی پێشكەوتنی سوسیال دیموكراتەكان لە پەرلەمانی ئەروپا رایگەیاند، كارێكی "شەرمهێنەرە" كاتێك توركیا لە رێككەوتنی نێودەوڵەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەكشێتەوەو هەروەها سەرۆكی كۆمسیۆن بەبێ كورسی لە كۆشكی كۆماری ئەو وڵاتە دادەنرێت.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×