خەزعەلی: دەبێت هێزەكانی ئەمریكا بەپێی خشتەیەكی زەمەنی بكشێنەوە
  2021-04-09       548       

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، دەبێت ئەو دو هەزارو 500 سەربازە ئەمریكییەی كە لە عێراقن بەپێی خشتەیەكی زەمەنی بكشێنەوە. جەختیش دەكاتەوە كە ئێستا كاتی گۆڕینی ئەو دەستورەیە كە لە سایەی بونی داگیركارییدا نوسراوەتەوە تاوەكو عێراق لاواز بكات و هەروەها هێرشی توندیش دەكاتە سەر سعودیەو ئیمارات.

ئاوێنە: قەیس خەزعەلی، لە وتەیەكدا بەبۆنەی یادی لە سێدارەدانی محەمەد باقر سەدرەوە رایگەیاند، پڕۆسەی سیاسی لە عێراق كە لەلایەن "داگیركەر"ەوە داڕێژراوە ئامانجی هێشتنەوەی عێراقە بەلاوازی و دەستوریش مینی مەترسیدار لەخۆدەگرێت.

بەپێی قسەی خەزعەلی ریشەی ئەو كێشانەی هاوڵاتیانی عێراق گیرۆدەی بون لەنێو دەستوری عێراقیدایەو دەبێت دەستور هەموار بكرێت كە بڕوای ئەو داواكارییەكی هاوڵاتیانە.
هەروەها وتیشی"دەستور لەسایەی بونی داگیركارییدا بەشێوەیەك كە عێراق لاواز بكات نوسراوەتەوە...ئێستا كاتی هەمواركردنی دەستورە لەپێناو بەدیهێنانی چاكسازی راستەقینە."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا خەزعەلی باسی لە كرانەوەی عێراق بەڕوی وڵاتانی عەرەبی دراوسێیدا كردو رایگەیاند، ناكرێت بە ئاسانی متمانە بە سعودیەو ئیمارات بكەین بەتایبەت بەقسەی ئەو كە بەهۆی ئەوانەوە خوێنی خەڵكی عێراق رژاوە.

بەقسەی خەزعەلی، لەرابردودا بەتەنیا سعودیە پێنج هەزار خۆكوژی رەوانەی عێراق كردون كە خۆیان تەقاندۆتەوەو ملیاران دۆلاری كەنداو خەرجكراوە بۆ "داڕوخاندنی عێراق."

بەبڕوای ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق لەوبارەیەوە دەبێت سعودیە داوای لێبوردن لەگەلی عێراق بكات و قەرەبوی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانە بكاتەوە كە بەهۆی كردەوە خۆكوژییەكانەوە زیانمەندبون.

بەبڕوای خەزعەلی رۆڵی ئیمارات لە ئێستادا مەترسیدارترە لەسەر عێراق و هەوڵی "ساختەكردن"ی هەڵبژاردنەكانی داهاتو دەدات بۆ بەرژەوەندی هەندێك لایەن.

سەبارەت بە ئەنجامی گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریكا، خەزعەلی وتی، بەیاننامە هاوبەشەكە ئاماژەی باشی تێدان بەڵام چەند دەستەواژەیەكی تێدان كە هەڵگری تەفسیرن.

وتیشی، ئێمە دژی بونی پەیوەندیی لەنێوان عێراق و ئەمریكادا نین، لەساڵی 2021ەوە تا هاتنی داعش پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا لەچوارچێوەیەكی قبوڵكراودا بون و ئامانجانە ئەو پەیوەندییانە لەڕوی سەربازییەوە بگەڕێنەوە بۆ بەر لە هاتنی داعش.

جەختیشی كردەوە كە ئەو 2500 سەربازە ئەمریكییەی لەعێراقن زیادەن و دەبێت بەپێی خشتەیەكی زەمەنی مەعقول بكشێنەوە.

وتیشی، ئەگەر ئەمریكا جدی بێت لە كشانەوەی هێزەكانی ئەوە پێشوازی لێدەكەین بەڵام ئەگەر جدی نەبێت، ئەوا ئێمە ئەو شتە قبوڵ ناكەین.

هەروەها باسی لەوەشكرد كە بنكەی عەین ئەسەد كە لەسەر خاكی عێراقە بۆتە بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكی و گەڕاندنەوەی بنكەكە بۆ عێراق تەنها وەك ناونیشان و هێشتنەوەی دۆخی ئەو بنكەیە وەك ئێستا، جۆرێكە لە هەڵخەڵەتاندن.

وتیشی، پێویستە رێگە بە پەرلەمانی عێراق بدرێت سەردانی هەر شوێنێك بكات بۆ دڵنیابونەوە لە جدییەتی كشانەوەی ئەمریكا لەنێویشیاندا رێگەی پێ بدرێت سەردانی بنكەی عەین ئەسەد بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×