پەرلەمانتارێك: لە شوێنی زیندانیكردنی سزادراوانی بادینان چوار كەس توشی كۆرۆنا بون
  2021-04-09       947       

بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنه‌ى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى كردن له‌ مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی کوردستان، باسی سەردانیان بۆ لای سزادراوانی بادینان و دۆخی تەندروستیان دەكات و دەشڵێت، چوار كەس لەو شوێنەی ئەوانی تێدا زیندانیكراون توشی كۆرۆنا بون و چەند داواكارییەكیشیان هەیە.

ئاوێنە: بەدریە ئیسماعیل، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاندوە، دوای 27 رۆژ وەڵامی نوسراوێكیان دراوەتەوەو رێگە بە لیژنەكەیان دراوە سەردانی پێنج سزادراوەكەی بادینان بكەن.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستییان بەدریە لە زاری سزادراوەكانی بادینانەوە وتویەتی، هەر هۆڵێكی زیندانەكەیان 135 كەسی تێدایەو دەڵێن، لەژورەکەمان زۆربەمان توشی هەستیاری

پێست و سوربونەوە و دروستبونی زیپکە بوین و پاڵەپەستۆ و لۆدێکی زۆر هەیەو لەکاتی خەوتندا بەیەکەوە کەپس دەبین.
هەروەها وتوشیەتی، یەکێک لەزیندانییەکان لەسەر بینینی پزیشک پێی وتین هەفتەی جارێک دەمانبینن و هەندێک پێداویستی سەرەتایی هەیە بۆماندەکەن بەڵام من ئێستا بۆ ئەم هەستیاری و سووربونەوەیەم پێویستم بەمەلحەمێکە دەستم نەکەوتوە، هەروەها چارەسەری درێژخایەنمان هەیە هەندێکمان نەخۆشی درێژخایەنی هەیە بۆیان نەهێناوین و

ڕەتیانکردۆتەوە و ڕێگەیان نەداوە بۆمان بهێنن، یەکێک لەنەخۆشەکان نەشتەرگەری پێویست بوە کە دەبوایە لەنەخۆشخانەی دەرەوە بکرێت بەڵام ڕێگەی پێنەدراوە.
هەروەها بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە، تا ئێستا پارێزەریان نەبینیوەو  کەسوکاریان نەبینیووە و تەنها رێگەیان پێدەدرێت تەلەفۆن بەكاربهێنن ئەویش 10 رۆژ بۆ 20 رۆژ یا مانگی جارێک بەریاندەکەوێت و بۆ چەند خولەکێکیش بەكاریدەهێنن.

سەبارەت بە داواكارییەكانی ئەو سزادراوانەی بادینان، بڕیاردەری لیژنەى کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکى کردن لەمافی مرۆڤ، وتویەتی، داوای ئەوان بۆ دەرەوە یەکەم شت ئەوەیە کە داوای ئەوان بگەیەنین بە نەتەوە یەکگرتوەکان و لایەنی پەیوەندیدار بۆ پێداچونەوە بە حوكمەكەیاندا و هەروەها داوای بینینی کەسوکاریان  و پارێزەر دەکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەوان داواكاری و پێداویستییەكانی سزادراوانیان كۆنوسكردون و بە یاداشتێك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردون تا لەوێوە ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار بكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو سزادراوانە سەرتاپای ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە كە خراونەتەپاڵیان و وتویانە"دانپیادانەکانمان لەژێر زۆر و فشاردا لێوەرگیراوە."

بەدریە ئیسماعیل وتیشی"بەداخەوە یەکێک لەسزادراوان ناوی ناهێنم، وتی: من ئەگەر هەڕەشەم بەخێزانەکەم لێبکرێت ئامادەم سەری خۆم دابنێم کێ لەئێوە ئامادەیە هەڕەشەی بەخێزانی لێبکرێت و ئەو شتەی بەرامبەری ڕوبەڕوی دەبێتەوە قبوڵی نەکات."

ئایا بەبەرپرسانی ئاسایشتان وت لەسەر ئەو دۆخە خراپەی زیندانییەکان کە باست کرد؟ لەوەڵامدا بەدریە ئیسماعیل وتی"ئەوانیش دەزانن و ئەوە ڕەتناکەنەوە پاڵەپەستۆیەکی زۆریان لەسەرە لەڕوی دەرونییەوە ڕوخاون و لەروی جەستەییەوە ئەو گرفتە دیارەیان پێوە دەرکەوتوە ئەوانیش ئاگادارن بەڵام بەحکومی ئەوەی کە چاکسازی هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە سزادراوانی ئەوێش هاتونەتە ئاسایش بۆیە ئەو لۆدە زۆرە لەسەر ئەوێ هەیە."

بەدریە ئیسماعیل ڕاشیگەیاند"ئێمە کە بەدواداچونمان بۆ کردن نزیکەی چوار کەس لەشوێنی زیندانیکردنی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە توشی کۆرۆنا ببون لە هۆڵەکاندا بۆنمونە هەر دو سزادراوێک چۆتە هۆڵەکەوە و دابەشبون بەسەر هۆڵەکاندا باسی چوار کەسیان کرد کە کۆرۆنای گرتوە لەناو هۆڵەکاندا لەگەڵ ئەو 135 کەسە بون و ژیانیان بەیەکەوە بردۆتەسەر کە نیشانەکانیان لێدەرکەوتون لەوانیان جیاکردونەتەوە."

بەدریە ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەمان تەنها پێنج سزادراوەكەی بادینانیان بینیوەو هەرچەندە داوای بینینی سێ دەستگیركراوی دیكەی بادینانیان كردوە بەڵام رێگەیان پێنەداون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×