دەمیرتاش: زۆربەی ئه‌و كه‌یسانه‌ی‌ ڕوبه‌ڕوم كراونه‌ته‌وه‌ پیلانێکی داڕێژراوی سیاسییه‌و هیچ رەهەندێکی یاسایی نییە
  2021-04-09       841       
سەڵاحەدین دەمیرتاش
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە بەتۆمەتی سوکایەتیکردن‌و بێڕێزیکردن بەسەرۆکی پێشوی داواکاری گشتی کۆماریی ئەنقەرە، دادگاییکرا. دەمیرتاش ڕایگه‌یاند، "هەزارو 300 كه‌یسی‌ لێکۆڵینەوە دژی من تۆمارکراون، كه‌یسه‌كانیش پیلانێکی داڕێژراوی سیاسی کە هیچ رەهەندێکی یاسایی نییە".

ئاوێنه‌: بەتۆمەتی سوکایەتیکردن‌و بێڕێزیکردن بەیوکسەل کۆجامان، سەرۆکی پێشوی داواکاری گشتی کۆماریی ئەنقەرە، ئەمڕۆ هەینی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەدادگای‌ سزا قورسەکانی ئەدێرنە لەرێگەی بەرنامەیەکی ئۆنلاینه‌وه‌ دادگایی کرا.

سەڵاحەدین دەمیرتاش له‌به‌رده‌م دادوه‌رانی‌ دادگاكه‌دا رایگەیاند، "ئێوە دەستەی دادوەرانی پێشکەوتون، منیش پارێزەرم‌و کاری یاسایی زۆرم کردووە. هەزارو 300 كه‌یسی‌ لێکۆڵینەوە دژی من تۆمارکراون. کاتێک لەپەرلەمان بوم هەزارو 148 كه‌یسی لێکۆڵینەوە دژی من تۆمارکرا. ئەم دۆسیەیەی ئەمڕۆش وەک زۆربەی دۆسیەکانی دیکەی لێکۆڵینەوە بریتییە لەپیلانێکی داڕێژراوی سیاسی کە هیچ رەهەندێکی یاسایی نییە. زیاتر لەهەزار كه‌یسی‌ی لێکۆڵینەوە، وتەی منیان بۆ وەرنەگیراوە، بەڵام داواکاری گشتیی پەسندی کردون". 
 
وتیشی‌، "تەواوی ئەم كه‌یسانه‌ لەسەر خواستی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا کراونەتەوە. ئەو سەرۆکی پارتێکی سیاسییەو سەرۆککۆماریشە، ئاساییە رەخنە لەدادگا بگرێت، بەڵام مافی ئەوەی نییە دەست لەکاروباری ناوخۆی دادگا وەربدات". 

دەمیرتاش باسی لەوەکرد، "تەواوی دادگاو دەستەی دادوەران بێبەریبونی من دەزانن لەکۆی هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەم کراون، بەڵام ئێوە بوێری ئەوەتان نییە بڕیاری بێبەریبونم‌و ئازادکردنم بدەن، بەهۆی ئەوەی ئێوە لەئەردۆغان دەترسن. بۆیە ئێوە شکۆی دادگاو دادوەرانتان لەکەدار کردووەو تەنیا فەرمانی کۆشک‌و ئەردۆغان جێبەجێ دەکەن". 
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش هۆشداری‌ دایه‌ دادوه‌رانی‌ دادگاكه‌و وتی‌، "بەمنزیکانە هەڵبژاردن دەکرێت. ئێوە خۆتان رزگاربکەن‌و داوای دادگایەکی دادپەروەرانە بۆ تەواوی ستەملێکراوان بکەن. داوای دادپەروەرییەکی ئازاد بکەن. بەپێچەوانەوە، کاتێک بەدەنگی میللەت ئەردۆغان‌و دەسەڵاتەکەی بەرامبەر ئیرادەی گەل شکست دەخۆن‌و لەهەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕێن، ئەو کاته‌ ئێوەش وەک دارودەستەی دەسەڵات مامەڵەتان لەگەڵدا دەکرێت‌و باجی ئەو بێدەنگییەتان دەدەن". 

له‌دانیشتنه‌كه‌ی‌ دادگادا مەحسونی کارامان، یەکێک لەپارێزەرانی دەمیرتاش داوای لەدەستەی دادوەران کرد، دەستبەجێ بریکارەکەی ئازادبکرێت، بەهۆی ئەوەی بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگای مافەکانی مافی مرۆڤ لەمبارەیەوە هەیەو تورکیاش وەک ئەندامێکی ئەو دادگایە پێویستە پابەندی بڕیارەکە ببێت. 

به‌ڵام دەستەی دادوەران، داواکاری پارێزەرانی دەمیرتاشی‌ رەتکردەوە بەهەڵوەشاندنەوەی ئەم دۆسیەیەو بڕیاری بێبەریبونی دەمیرتاش، بۆیە بڕیاری دواخستنی دادگاییکردنەکەیاندا بۆ رۆژی 7ی ئایاری 2021.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×