2021-04-09   710     
لهچهند ڕوداوێكی جیاجیادا لهشاری سلێمانی، شارباژێڕ، پیرهمهگرون، کەرکوک، قهڵادزێو برادۆست 5 كهس گیانیان لهدهست داو ژمارهیهكی دیكهش بریندار بون.
ئاوێنه: بهڕێوهبهرایهتی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگهیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەشەقامی قلیاسان نزیک هۆڵی کوردۆنیا، ئۆتۆمبێلێک کۆنتڕۆڵی لەدەستداو خۆی کێشا بەشوێنی وەستانی پاسدا، لەئەنجامدا شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا.
لهلایهكی دیكهوه دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پیاوێک لەئاوی کونەماسی -سنوری ناحیهی شارباژێڕ- خنکاو دوای نزیکەی دو کاتژمێر تەرمەکەی دۆزرایەوە. شاهۆ عوسمان قائیمقامی شارباژێڕ رایگەیاند، ئەو کەسە دانیشتوی شاری سلێمانی بووەو بۆ گەشتو سەیران چوبووە سەیرانگای کونەماسیو لەناو گۆمی قازان خنکا بو.
لهڕوداوێكی تردا، سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی ڕایگهیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لەگوندی گولیجەی سەر بەناحیەی پیرەمەگرون لەسەر كێشەی ئاو لەنێوان دو بنەماڵەدا شهڕ دروستبوهو لهئهنجامدا هەشت كەس برینداربونو بریندارێكیان گیانی لەدەستداوه.
لەبنەماڵەیەكیان پێنج كەس برینداربووەو لەبنەماڵەی بەرامبەر سێ كەس برینداربووەو یەكێكیان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لای خۆیهوه مقدەم علی جەمال قدوری لهڕاگەیاندنی پۆلیس گەرمیان ڕونیكردهوه كه ئێوارەی ئەمڕۆ لەگوندی گەرمکی سەربەناحییەی باوەنور تەرمی هاوڵاتیەک بەناوی (ب، ع، ئ) لەدایکبوی 1990 براوهته بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار کە بەهۆی خنکان لەئاودا گیانی لەدەستدابو.
هاوڵاتییهكه شوانی مەڕوماڵات بوهو ئێوارەی ئەمڕۆ یەکێک لەمەڕەکانی کەوتۆتە ئاوی ناعورەوە لەکاتێکدا ویستویەتی مەڕەکەی ڕزگار بکات خۆی کەوتۆتە ناو ئاوەکەوەو بەهۆی ئەوەی مەلەی نەزانیوە خنکاوە.
ههر ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، "دوای ئەوەی ٦ی ئەم مانگە، گەنجێک بەناوی (هـ، ک، ق) لەدایکبوی ساڵی 2002، کە پیشەی کاسب بووە لەسەر تەلاری کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ بەربوەوە لەنەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ چارەسەری سەرەتایی بۆ کراو پاشان بەڕێکرا بۆ سلێمانی، دوای چەند رۆژێک مانەوەی لەنەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا."
پۆلیس لەزاری شایەتحاڵێکەوە دەڵێت، "ئەو گەنجە چۆتە سەربانی کتێبخانە بەمەبەستی فڕاندنی یەکێک لەکۆترەکانی، بەڵام کەوتۆتە خوارەوەو بەسەختی بریندار بووە."
ههر ئەمشەو لەسنوری ناحیەی برادۆست لەکوێستانی خنێره کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتەقەی سوپای پاسدارانی ئێران بریندار بو. کۆڵبەرەکە پێنج گولـلە بەر جەستەی کەوتووەو بەبرینداری گەیهندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران. دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراوە.
لهلایهكی دیكهوه گەنجێکی خەڵکی شاری کەرکوک کە دانیشتوی گەڕەکی رەحیماوا بووه لەبەنداوی کۆچەکدا خنکاوەو تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوتەوە. گهنجهكه تەمەنی 17ساڵەو ناوی (ئـ، ح)ه.