وەزارەتی شارەوانی ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك‌ له‌سه‌ر قسه‌كانی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌‌و لاهور شێخ جه‌نگی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌
  2021-04-09       1210       
وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزاری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك‌ له‌سه‌ر قسه‌كانی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌‌و لاهور شێخ جه‌نگی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار له‌ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا ڕایگه‌یاندووه‌، "کەس ڕێگریی لەمافی کەسوکاری شەهیدان‌و ئەنفالکراوان‌و زیندانییانی سیاسی نەکردووە وەک ئەوەی بەپێی یاساو ڕێکارەکان مافەکانیان پێناسە کراوە. بەڵام دابەشکردنی زەوی، ڕێکاری یاسایی هەیەو ناکرێ بەرپرسانی حیزبیی لایەنێک، لەجیاتی وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزارو لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو کارە بکەن‌و دەسەڵات بۆ مەرامی سیاسی بە کاربهێنن."

وه‌زارته‌كه‌ ده‌ڵێت، "لەماوەی ڕابردودا ژمارەیەکی زۆری سکاڵامان لەلایەن کەسوکاری شەهیدان‌و ئەنفالکراوان‌و زیندانیانی سیاسی پێگەیشتووە کە ناویان لەو لیستانەدا نییە کە هیچ هێزو لایەنێک ناتوانێت مافی ئەمانە فەرامۆش بکات."

وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار راشیگه‌یاندووه‌، "ئێمە خۆمان بەخەمخۆری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان‌و ئەنفالکراوان دەزانین‌و داواش دەکەین سامانی سەرزەوی‌و ژێر زەوی کوردستان، بۆ خزمەتی کەسوکاری شەهیدان‌و ئەنفالکراوان بەکاربێنین، بەتایبەتی لەسنوری گەرمیان."

ڕونكردنه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ كە وەزیرەكەی ساسان عەونییە‌و سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستانە، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر میدیای یەكێتی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ بەفەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت چه‌ند هەزار پارچە زەوییه‌كی نیشتەجێبون به‌سه‌ر کەسوکاری شەھیدان‌و ئەنفالکراوان‌و زیندانیانی سیاسیدا دابه‌شده‌كرێت. 

ئه‌مرۆ هه‌ینی‌ وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار له‌ڕونكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌میدا‌ ڕایگه‌یاند، "ڕەفتارکردن‌و دابەشکردن‌و مامەڵەکردن لەگەڵ زەوی‌و زاری حکومەت‌و موڵکی گشتی، لەناو سنوری شارەوانییەکان، بەبێ ڕەزامەندیی فەرمی وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار، هەر لایەن‌و فەرمانگەو کەسێک بیکات، ئەوا یاساشکێنیەو لێکەوتەی یاسایی بەدوادادێت."

له‌به‌رامبه‌ردا قوباد تاڵەبانی ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌و له‌به‌شێكیدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كردبو كه‌‌، "لەوانەیە {كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان} بەلێدوان‌و ڕونکردنەوەی نابەرپرسانە دڵگران بوبن‌و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەواو یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس‌و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە. "

دوابه‌دوای‌ ڕونكردنه‌وه‌ی‌ قوباد تاڵه‌بانی‌، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "ده‌ستخۆشی له‌هه‌ڵوێستی جێگری سه‌روكی حكومه‌ت كاك قوباد تاڵه‌بانی ده‌كه‌م، كه‌ له‌سه‌ر مافی كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هاتۆته‌ ده‌نگ. هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێ جیاوازی و به‌ هه‌موو چین و تویژه‌كانه‌وه، خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی سامانی ژێر زه‌وی و سه‌ر زه‌وی و ئه‌م خاكه پیرۆزه‌ن، ناكرێت لێبگه‌ڕێین به‌مه‌رامی سیاسی بێ به‌ش بكرێن له‌ مافه‌ ره‌واكانیان."


ده‌قی‌ ڕونكردنه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ وه‌زاره تی‌ شاره‌وانی‌‌‌:


ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزارەوە

کەس ڕێگری لە مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی نەکردووە وەک ئەوەی بە پێی یاسا و ڕێکارەکان مافەکانیان پێناسە کراوە. بەڵام دابەشکردنی زەوی، ڕێکاری یاسایی هەیە و ناکرێ بەرپرسانی حیزبیی لایەنێک، لە جیاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو کارە بکەن و دەسەڵات بۆ مەرامی سیاسی بە کار بهێنن. لەبەر ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری سکاڵامان لە لایەن کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی پێگەیشتووە کە ناویان لەو لیستانەدا نییە کە هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت مافی ئەمانە فەرامۆش بکات. 
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی سەر بە هەر لایەنێک بن، هەمان مافیان هەیە و پێویستە بە بێ فەرق و جیاوازی، هەموو کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بە یەک چاو سەیر بکرێن و خزمەت بکرێن ، بەجۆرێک دوای وردبینی کردن و دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی ناوەکان لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە و گرتنە بەری ڕێکارە یاساییەکان، زەویان پێ ببەخشرێت نەوەک ئەو پرۆسەیەی کە ئێستا بەبێ ئاگاداری و هەبوونی فەرمانی فەرمی وەزارەتی شارەوانی، لە هەندێک شوێن بەڕێوە دەچێت.
ئێمە خۆمان بە خەمخۆری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەزانین و داواش دەکەین سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستان، بۆ خزمەتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەکاربێنین، بە تایبەتی لە سنووری گەرمیان.. 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×