سەرۆكایەتی هەرێم ئامانجی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا ئاشكرادەكات
  2021-04-10       419       

فەلاح مستەفا، راوێژكاری سەرۆكی هەرێم بۆ سیاسەتی دەرەوە، رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردولاو دروستكردنی تێڕوانین و تێگەیشتنێكی هاوبەش لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی روبەڕوی عێراق و ناوچەكە دەبنەوە.

ئاوێنە: فەلاح مستەفا بە رۆژنامەی "سەباح"ی عێراقی راگەیاندوە، لەسەردانەكەیدا بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك بەرپرسی دیكەی حكومەتی عێراقدا كۆدەبێتەوە.

راوێژكارەكەی سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە كە بونی سەردان لەنێوان هەردو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ پێویستە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان و وتوشیەتی"تا تێگەیشتنی هاوبەش و هاریكاری پتەو هەبێت، سەقامگیری نێوان هەردو حكومەت زیاتر دەبێت."

ئاماژەی بەوەشداوە كە لەكۆبونەوەكانی سەرۆكی هەرێمدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەندین تەوەر تاوتوێ دەكرێن لەنێویاندا جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لە بودجەدا كراوە.

بەپێی قسەی فەلاح مستەفا، دۆخی وڵات لەسایەی كۆرۆناو دابینكردنی ڤاكسینەكان، دۆخی ئابوری، هەماهەنگی ئەمنی لە پەیوەست بە دژایەتی تیرۆر، ئەو تەوەرانەی دیكە دەبن كە لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێیان دەكات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×