پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ: پارتی و یەكێتی بەوەی كە گوایە نێوانیان خراپە خەڵك چەواشە دەكەن
  2021-04-10       697       

پەرلەمانتارێكی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە وەڵام و وەڵامدانەوەكەی نێوان وەزیرێكی پارتی و جێگری سەرۆكی حكومەت لەبارەی دابەشكردنی زەوی بۆ "چەواشەكردنی خەڵك"ەو "لە بنەڕەتدا پارتی و یەكێتی هیچ عەیبێكیان نییە."

ئاوێنە: روپاك ئەحمەد، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك نوسیویەتی"هەردو پارتی سیاسی کاتێک بیانەوی خەڵک چەواشە بکەن هەرجارە و بەجۆرێك سیناریۆیەک دروست دەکەن و خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکەن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"پەسەندکردنی یاسای بودجە لەپەرلەمانی عێراق و جێگیرکردنی پشکی کورد هیچ دەستکەوتێکی بۆ موچەخۆرانی هەرێم نەبو، پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئەو شکستەی خۆیان پەردەپۆش بکەن، هەڵساون بە چەواشەکردنی خەڵک کە گوایە نێوانی پارتی و یەکێتی خراپە."

هەروەها وتوشیەتی"وەڵام و وەڵامکاری لەنێوان وەزیرێکی پارتی کە وەزیری شارەوانیە و جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی هەبوە، بەجۆرێک خەڵک چەواشە دەکەن کە قوباد تاڵەبانی زەوی دابەش دەکات لەوەڵامدا وەزیری شارەوانی دەڵێت ئەمە یاسا شکێنییە."

بەبڕوای ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵ "ئەم وەڵام و وەڵامکارییە وای کردوە کە ڕۆژێکی سۆشیال میدیا بەڕێ بکەن بە سەرقاڵکردنی خەڵک، کەچی لەئەسڵدا پارتی و یەکێتی هیچ عەیبێکیان نییەو لەنێوان خۆیان ڕێککەوتون کە بەردەوام بن لە دزی و بەهەدەردانی پارەی ئەم میللەتەو دابەشکردنی لەنێوان خۆیان و لەسەر قوتی خەڵک بژین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×