هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی عیراق بۆ ئه‌مریكا به‌رزده‌بێته‌وه‌
  2021-04-10       359       

ئیداره‌ی زانیاریی وزه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ له‌ مانگی رابردوودا هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی عیراق بۆ ئه‌مریكا بۆ 245 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی راپۆرتێكی‌ ئیداره‌ی زانیاریی وزه‌ی ئه‌مریكا، هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌و وڵاته‌ پێنج ملیۆن و 556 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی له‌ نۆ وڵاته‌وه‌ هاورده‌ كردووه‌، كه‌ به‌راورد به‌ هه‌فته‌ی پێشووتر، بڕی 52 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ زیادی كردووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌میكا 245 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ی له‌ عیراقه‌وه‌ هاورده‌ كردووه‌، ئه‌وه‌یش به‌ به‌راورد به‌ هه‌فته‌ی پێشووتری به‌بڕی 88 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ زیادی كردووه‌.

ئیداره‌ی زانیاریی وزه‌ی ئه‌مریكا راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ زۆرترین هاورده‌ی نه‌وتی ئه‌مریكا له‌ كه‌نه‌دا بووه‌، به‌ بڕی سێ ملیۆن و 414 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ دواتر به‌ بڕی جیاواز نه‌وتی له‌ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌كسیك و ئیكوادۆر و سعودیه‌ و عیراق هاورده‌كردووه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×