شەڕڤانان لە کامپی ئەلهۆڵ 158 کەسیان بە تۆمەتی داعش بوون دەستگیرکرد
  2021-04-11       302       
لە درێژەی هەڵمەتەکانی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە لە کامپی ئەلهۆڵ لە 10 رۆژی ڕابردودا ئەنجامیدا، 158 کەسی بە تۆمەتی سەر بە داعش دەستگیرکردوە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هاوار نیوز، لە رۆژی 28ی مانگی رابردو قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنەکە دەستیپێکردوە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بو، هەڵمەکەتە لە هەمو بەشەکانی کامپەکە جگە لە بەشی خێزانەکانی دەرەوەی ڕێکخراوی داعش ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە هەڵمەتەکە 125 کەس لە کاربەدەستەکانی داعش دەستگیرکراون، کە 20 بەرپرسی باڵایان لە ناویاندایە و ژمارەیەکیشیان ژنن، لە هەڵمەتی دوەمیشدا 33 ئەندامی داعش دەستگیرکران، کە حەوتیان ژنبون، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتوە کە ناویان لە لیستی داواکراوەکاندایە.

لەناو ئەو دەستبەسەرکراوانەدا پیاوی یەکەمی ڕێکخراوی داعش و بەرپرسی شانە نوستوەکانی رێکخراوەکە لە کامپەکەدا بون، کە ناوی ئەحمەد خاشە-یە و ناسراوە بە "ئەبو خالید"، کەسانی دوەمی گروپەکەش بە ناوەکانی قوسەی محەمەد و ئەبو کەرار دەستگیرکراون.
ئەو کەسانەی لە کاتی هەڵمەتی هەسەدەدا دەستبەسەرکراون خەڵکی سوریا و عێراق و جەزائیرن
ئەو کەسانەی لە کاتی هەڵمەتی هەسەدەدا دەستبەسەرکراون خەڵکی سوریا و عێراق و جەزائیرن، کە چەندین تاوانی کوشتن و تۆقاندنیان کردوە، هاوکات کاریان بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و تۆقاندن بوە.

واین ماروتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، هەسەدە لەمیانی ئۆپراسیۆنەکانی لە کامپی ئەلهۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکە شەش چەکداری دیکەی سەر بە ئەلقاعیدەی دەستگیرکردوە، کە ژنیان لە ناودا بوە.

بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەسەدە لە کۆتایی مانگی رابردودا بە بەشداری پێنج هەزار ئەندامی هێزەکانی ئاسایش، هەسەدە، یەکینەکانی پاراستنی ژن و یەپەگە، هەڵمەتێکی ئەمنی بۆ سەر داعش و پشتیوانانی ئەو گروپە دەستپێکرد.

بەپێی راپۆرتی نوسینگەی پەنابەرانی ئیدارەی خۆسەر لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کامپی ئەلهۆڵ زیاتر لە 60 هەزار پەنابەری نەتەوە جیاوازەکان لەخۆگرتوە، کە 31 هەزار عێراقی و 20 هەزار کەس لە سورین و باقی نەتەوە جیاوازەکانی بیانیشی تیادایە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×