سەلیم کۆیی: سەرکردەی حزبە ئیسلامییەکان دەستیان بە پۆستەکانیانەوە گرتووە
  2021-04-11       545       
سەرکردەیەکی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، خەڵک لە هەموو حزبەکان نیگەرانە بە حزبە ئیسلامیەکانیشەوە، ده‌شڵیێت، "سەرکردەی حزبە ئیسلامییەکان دەستیان بە پۆستەکانیانەوە گرتووە تا حزبەکان لێک نەترازێن، پێیانوایە کۆنترۆڵی حزب لای ئەوانە، لەکاتێکدا گەر پێیانوابێ کەس لەوان باشتر نیە بۆ جێگەکانیان، کارێکی خراپە، ئەمە وادەکات حزب لەگەشەدا نەبێت".

ئاوێنە: سەلیم کۆیی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کە دواتر دەستی لەکارکێشایەوە بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا پێیوایە حزبە ئیسلامیەکان لە کوردستاندا تووشی چەق بەستوویی بوون، دەڵێت، "تا ساڵی 2000 حزبە ئیسلامیەکان لە گەشەکردندا بوون، چونکە خەڵک ئومێدی هەبوو پێیان، بەڵام دوای بەشداری کردنیان لە حکومەت و دروستبوونی گرفتی ناوخۆیی، رای خەڵکی گۆڕا".

سەلیم کۆیی، جەختیکردەوە: "گۆڕینی ناو و دروشم لەلایەن حزبە ئیسلامیەکانەوە ئەزمونکراوە و گرنگ نیە، حزب کە ناو دەگۆڕێت، دەبێت هەنگاوی نابێت و بەرەوپێش چووبێت، بەڵام ناوگۆڕین بێ هەنگاونان، سلبیاتیشی دەبێت، چونکە دەنگدەری ئیسلامی هاوسۆزە لەگەڵ ناوە ئیسلامیەکەدا".

سەلیم کۆیی، روونیشیکردەوە گرفتی ناوخۆیی حزبە ئیسلامیەکان و چاوبڕینە پۆست و نەبوونی ئامانجێکی گەورە تا لە رێگەی پرۆژەوە کار بۆ ئەو ئامانجە بکرێت، هۆکاری پاشەکشەی حزبە، وتی: "دابەشکردنی پۆست لەناو حزب گرفتی دروستکردووە، حزبی ئیسلامی پێویستە پرۆژەی هەبێت و خەڵک لە پرۆژەکەی تێبگەیەنێت، تا بڕواتە دەسەڵات، ناکرێت لەدەسەڵات نیگەران بیت و بەشداری لە کێکی دەسەڵاتیشدا بکەیت".

دەربارەی مانەوەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی لە پۆستەکانیان لەوەتەی ئەو حزبانە دامەزراون، سەلێم کۆیی دەڵێت: "ئەوان دەستیان بە پۆستەکانیانەوە گرتووە تا حزبەکان لێک نەترازێن، پێیانوایە کۆنترۆڵی حزب لای ئەوانە، لەکاتێکدا گەر پێیانوابێ کەس لەوان باشتر نیە بۆ جێگەکانیان، کارێکی خراپە، ئەمە وادەکات حزب لەگەشەدا نەبێت".

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، سەلیم کۆیی سەرکردەی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی، پێیوابوو حزبە ئیسلامیەکان موقاوەماتی باشیان بۆ چوونە پێشەوە تێدایە و خەڵکێکی زۆری خۆبەخشیان هەیە، بەڵام گرفتی نەبوونی پرۆژەیەکی هەمە لایەنە و چوارچێوەیەکی فراوانیان هەیە، تا بەرەو دەسەڵات هەنگاو بنێن، وتی: "حزبە ئیسلامیەکان نابێت تەنها سەرقاڵی کاری بانگەواز بن، چونکە لەدەرەوەی ئەوانیش بانگخواز زۆرە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×