سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی سوێندی دەستورییان خوارد
  2021-04-11       440       

ئەمڕۆ یەکشەممە لە مەراسیمێکدا سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی لە بەردەم بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، بەئامادەبوونی دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، سوێندی دەستورییان خوارد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمەکە بەرهەم ساڵح بۆ ئەندامانی دادگای باڵای فیداڵی رایگەیاند، عێراق هەنگاوێکی گرنگی بڕیوە بۆ تەواوکردنی یەکێک لە گرنگترین دامەزراوە دەستورییەکانی.

ھەروەھا ئاماژەشیکرد بەوەی دادگای باڵای فیدراڵی پارێزەرێکی ئەمینە لەسیستەمی دیموکراسی و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان و زامنکردنی جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی دەستورو چاودێریکردنی یاسا و دەستور و سیستەمی حکومڕانی.

سەرۆك كۆمار راشیگەیاند، پێکهێنانی دادگای باڵای فیدراڵی هەنگاوێکی گرنگ و بنەڕەتییە بە ئاڕاستەی تەواوکردنی داواکارییە یاسای و دەستورییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روەو جێبەجێکردنی داواکارییە نیشتمانییەکان و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵک و پێویستی رەخساندنی زەمینەی لەبار و گونجاو و زامنکردنی ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد دور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، بەجۆرێک گوزارشت بێت لە خواستی راستەقینەی دەنگدەران، لەپێناو ھێنانەکایەوەی قۆناغێکی نوێ لە رێگەی بونیادنانەوەی پرۆسەی سیاسی و کۆتایی ھێنان بە قەیران و ناکۆکییەکان و زامنکردنی سەقامگیری و ئارامی لە داهاتودا.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×