پڕۆسەی خوێندن لەسەرجەم خوێندنگاو پەیمانگاكان راگیرا
  2021-04-11       911       

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنادا بڕیاردراوە كە پڕۆسەی خوێندن لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن و پەیمانگاكانی سەربە وەزارەتی پەروەردە رابگیرێت و بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوام بێت و پڕۆسەی خوێندنیش لە زانكۆ و پەیمانگاكانی سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشێوەی ئاوێتە بەردەوام دەبێت.

ئاوێنە: جوتیار عادل، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەشێك لە بڕیارەكانی كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنای خستەڕو.

وتەبێژی حكومەت وتی، فەرمان بە پارێزگارو بەرپرسی یەكە ئیدارییەكان كراوە كە ئیجرائات دژی ئەو كەسانە بكرێت كە ماسك نابەستن و ئەنجامدانی مەراسیمی مانگی رەمەزان سنوردار دەكرێت.

ئەوەشی وت: بەپێی بڕیارەكان خوێندن لەسەرجەم خوێندگاو پەیمانگاكان(حكومی و ناحكومی) سەربە وەزارەتی پەروەردە رادەگیرێت و بەشێوەی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت.

هەروەها وتیشی، یەكێكی دیكە لە بڕیارەكان ئەوەیە كە رێكارەكان لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگاكانی تری عێراق وەك خۆیان دەمێننەوە.

وتیشی، خوێندن لە زانكۆو پەیمانگاكانی سەربە خوێندنی باڵا بەشێوەی ئاوێتە بەردەوام دەبێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×