ئێران: لەکات و شوێنى گونجاو وەڵامى ئیسرائیل دەدەینەوە
  2021-04-12       1262       
وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەى لەکات و شوێنى گونجاودا وەڵامى ئیسرائیل دەداتەوە و هێرشەکەى دوێنێى سەر وێستگەى ئەتۆمى نەتەنزى خستە ئەستۆى ئەو وڵاتە.  

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران  لەمیانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد "هێرشەکەى سەر وێستگەى ئەتۆمى نەتەنز هێرشێکى تیرۆریستى بوو.  

هۆشدارى ئەوەشیدا، وڵاتەکەى لەچوارچێوەى یاسا نێودەوڵەتییەکان وەڵامى هێرشەکە دەداتەوە و وتى "لەکات و شوێنى گونجاو وەڵامى ئیسرائیل دەدەینەوە".  

وتەکانى خەتیب زادە دواى ئەوە هات کە ڕێكخراوى وزەى ئەتۆمى ئێران بە فەرمى دانينا بەوەدا، كە ڕوداوەكەى دامەزراوەى ئەتۆمى "نەتەنز" بەهۆى هێرشێكى تێكدەرانەوە بووە.    

تەلەفزيۆنى فەرمى ئێرانى (11ى نيسانى 2021) لە زارى عەلى ئەكبەر ساڵحى سەرۆكى دامەزراوەى وزەى ئەتۆمى ئێران بڵاويكردەوە، ئەو ڕووداوەى لە دامەزراوەى ئەتۆمى نەتەنز ڕوويدا بەهۆى كارێكى تيرۆرستييەوە بووە.  

ئەو بەرپرسە ئێرانييە جەختيلەوەشكردووەتەوە، كە ئێران مافى ئەوەى هەيە كە وەڵامى كارێكى لەو جۆرە بداتەوە.  

دامەزراوەى ئەتۆمى نەتەنز ئەمڕۆ يەكشەممە جارێكى تر تووشى كێشەيەك بوەوە و بەرپرسانى ئەو وڵاتە ڕايانگەياند كە ڕووداوەكە لە تۆڕى دابەشكردنى كارەبادا ڕوويداوە.  

ئەوەش لەكاتێكدايە، پێشتريش و لە سەرەتاى ئەمساڵ تەقينەوەيەك لەو دامەزراوەيە كە دەكەوێتە پارێزگاى ئەسفەهان ڕوويدا و دواتر دەركەوت كەسێك بۆمبێكى لەناو دامەزراوەكەدا چاندووە.  
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×