بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان ھۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، ئامارەکانی کۆرۆنا بە رادەیەکی مەترسیدار بەرزبونەتەوە لە ھەر 100 کەسێک کە پشکنینیان بۆ دەکرێت 12 کەسیان توشبوی ڤایرۆسەکەن و لە دوێنێشەوە پێنج کەس مردون.
ئاوێنه: بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "ئامارەکانی کۆرۆنا بە رادەیەکی مەترسیدار بەرزبونەتەوە، بەشێوەیەک رێژەی توشبون گەشتوەتە 12%، واتا لە ھەر 100 کەسێک کە پشکنینیان بۆ دەکرێت 12 کەسیان توشبوی نەخۆشیەکەن، ھاوکات رێژەی مردنیشی بە ڤایرۆسەکە زۆر زیادیکردوە و تەنھا لە دوێنێ و ئەمڕۆدا پێنج ھاوڵاتی بە نەخۆشیەکە مردون لە سنورەکەماندا".
ئاماژەی بەوەشکردوە، داواکارن ھاوڵاتیان ئەم ئامارانە بە ھەند وەربگرن، خۆیان بپارێزن و رێکارەکانی خۆپارێزیی بە تەواوی جێبەجێ بکەن، بەشێوەیەک دور بن لە قەرەباڵەغی و تێکەڵیی زۆر، ھەروەھا ماسک بەکاربێنن و دەستیان بە بەردەوام بشۆن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان باسی لەوەشکردوە، رێکارەکان لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەبێت زیاتر و توندوتۆڵتر بکرێت لەلایەن ھاوڵاتیانەوە بۆ ئەوەی مانگەکی رەمەزان بە سەلامەتی و ئاسودەیی تێپەڕێت.