بەرهەم ساڵح مەرسومی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئیمزاكرد
  2021-04-12       448       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، مەرسومی تایبەت بە ئەنجامدانی پێشوەختەی لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، ئیمزاكردو رایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتو وێستەگەیەكی گرنگ و جیاكەرەوەیە و بە كۆڵەكەی قۆناغی داهاتوی عێراق دادەنرێت.

ئاوێنە: بەرهەم ساڵح، لە وتەیەكی ڤیدیۆییدا لەمیانی ئیمزاكردنی مەرسومەكەدا، رایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتو وێستەگەیەكی گرنگ و جیاكەرەوەیە و بە كۆڵەكەی قۆناغی داهاتوی عێراق دادەنرێت، بۆیە پێویستە رەنگدانەوەی خواستی گەل بێت بۆ چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی، بۆیە زامنكردنی مافی دەنگدەران لە دیاریكردنی نوێنەرەكانیان دور لە گوشار و دزینی دەنگەكانیان كارێكی هەرە لە پێش و سەرەكییە بەئاڕاستەی كۆتاییهاتنی قەیرانە كەڵەكەبوەكانی رابردو و چارەسەری كێشەكانی بژێوی ژیان و گوزەرانی خەڵك.

ھەروەھا سەرۆک کۆمار دوپاتیکردەوە کە دوای دەرچونی ئەم مەرسومە لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە پابەندبن بە زەمینە خۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە تەواوی قۆناغە جیاوازەكاندا، بەجۆرێك كە دور بێت لەهەر گومان و نیگەرانییەك كە لە رابردودا هۆكاری سەرەكی بوە بۆ ناڕەزایەتی بەشێكی بەرفراوانی خەڵك لە هەڵبژاردنەكان.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×