مەسرور بارزانی: داعش لە كەمپی "ئەلهول"ەوە پیلانی بۆ سەر هەولێر داڕشتوە
  2021-04-12       294       

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەدەستگیركردنی "تۆڕێكی تیرۆریستی" پیلانێكی داعشیان بۆ سەر هەولێر پوچەڵكردۆتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، داعش ئەو پیلانەی لە كەمپی "ئەلهول"ی سوریاوە داڕشتوە.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، لە تویتێكدا رایگەیاند"له‌ دوای ئۆپەراسیۆنێکی چەند مانگی، هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتوانە پیلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچه‌ڵكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سوریاوه‌ پیلانەکە ڕێکخراوه‌و ئاراستەکراوه‌. ئەندامانی ئه‌م گروپه‌ تیرۆریستییه‌ كه‌ سه‌ر به‌ ڕێكخراوی داعشن، ئێستا‌ ده‌ستگیركراون و لە ژێر لێکۆڵینەوەدان."

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی"بەپێی زانیاریی ده‌زگا هەواڵگرییەکانمان، داعش لە کامپی (الهول)ەوە ئه‌م پیلانەیان داڕشتوە‌، ئەمەش جێی نیگەرانییەو دەریدەخات، داعش هێشتا توانای ئەوەیان هەیە بەنایاسایی له‌ سنورەکان بپەڕنەوە."

مەسرور بارزانی داوای هاوپەیمانان  كردوە کە "مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە بەھەند وەربگرن."

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"دەمەوێ دڵنیایی بدەمە خەڵکی کوردستان و ئەوانی سەردانی ھەرێم دەکەن کە پارێزراو دەبن و ده‌زگا ئەمنیەکانمان به‌ به‌رده‌وامی کار دەکەن بۆ پاراستنی هەمو چین و توێژ و پێكهاته‌كانی كوردستان لە تیرۆر و توندوتیژی."

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×