وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، تاوتوێی
ئەگەری وشكەساڵی و هەنگاوەكانی روبەڕوبونەوەی ئەو دیاردەیەی لە هەندێك ناوچەی
هەرێمی كوردستان، كرد.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی
وەزارەتەكە، ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
بە ئامادەبونی بریکار و ئەندامانی ئەنجومەنی راوێژکاری کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدراوە،
بۆ مەبەستی دیراسەو تاوتوێکردنی ئەگەری وشکەساڵی و هەنگاوەکانی ڕوبەڕوبونەوەی ئەم
دیاردەیە لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان، بە میوانداری چەند کەسێکی ئەکادیمی لە
بواری کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، دوابەدوای گفتوگۆ و خستەڕوی سەرجەم سەرنج و پێشنیار
و ڕێگەچارەکان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و فەرمانگەکانی وەزارەت،
لێژنەیەک راسپێردرا بۆ ئامادەکردنی گەڵاڵەنامەی پێشنیارەکان و کۆکردنەوەو یەکخستنی
سەرجەم پێشنیارو رێکاری پێویستی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ بەردیدی کۆبونەوەی
ڕۆژی چوارشەممەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ مەبەستی بڕیاردان لەسەر پرسی وشکەساڵی
و بەرنامە و پلان و هەنگاوەکانی ڕوبەڕوبونەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.