بەرپرسێکی ئێزدی: پارتی ڕێگریدەکات ئاوارە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان
  2021-04-13       414       
بەرپرسێکی ئێزدی لەقەزای شنگال، پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتباردەکات بەوەی ڕێگریدەکات ئاوارە ئێزدییەکانی نیشتەجێی که‌مپەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە سەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان، ده‌شڵێت:"پارتی دەیەوێت لەهەڵبژاردنی داهاتوودا سوود لەدەنگی ئاوارەکان وەربگرێت".

ئاوێنە: عارف شنگالی فەرماندە لەیه‌كینه‌كانى به‌رخۆدانى شنگال (یه‌به‌شه‌) لەلێدوانێکدا بەپێگەی "مەعلوومە"ی وتوه‌، "لای ئێمه‌ هیچ ڕێگرییەک نییە بۆئەوەی ئاوارە ئێزدییەکانی نیشتەجێی ناو که‌مپەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، بەڵکو ئەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانن کە ئەو ئاستەنگە درووستدەکەن، لەوەشدا مەبەستیانە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا سوود لەدەنگەکانیان وەربگرن".

ئەو بەرپرسە ئێزدییە ئەوەشی باسكردوه‌، "پارتە کوردییەکان‌و بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگۆی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە دۆخی شنگال نائارام‌و بێسەرەوبەرییە، تاوەکو له‌و ڕێگایەوە هێزەکانی خۆیان بۆ ناوچەکە بگێڕنەوەو لەلایەکی تریشەوە بڕوا بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بهێنن یارمەتیی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە نەدەن".

شنگالی جەختیکردۆتەوە، "پارتی بەئاشکراو لەبەر هۆکاری سیاسیی‌و مەرامی هەڵبژاردن ڕێگری لەگەڕانەوەی ئەو ئاوارانە دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان‌و ماڵ‌و کێڵگەکانیان ئاوەدان بکەنەوە".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×