مستەفا کازمی: سەرکەوتوبوین لەزیادیکردنی یەدەگی بانکی ناوەندیی
  2021-04-13       514       
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگه‌یاند، "دوای گرتنەبەری رێوشوێنەکانی چاکسازیی ئابوریی، سەرکەوتوبوین لەزیادیکردنی یەدەگی بانکی ناوەندیی".

ئاوێنه‌: نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی لەمیانی کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگه‌یاندووه‌، "دوای گرتنەبەری رێوشوێنەکانی چاکسازیی ئابوریی سەرکەوتوبوین لەزیادیکردنی یەدەگی بانکی ناوەندیی".

وتیشی‌، "بەدواداچوون بۆ پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان و کەمکردنەوەی رێوشوێنەکانی بیرۆکراسی دەکەین و پێویستە سەرجەم وەزیرەکان ھەوڵی زیاتر بدەن بۆ دابینکردنی پێدوایستییەکانی ھاوڵاتیان".

ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، "ھاتوین تا خزمەتی ھاوڵاتیان بکەین و ئەو بەرەنگارییانەیش چارەسەر بکەین کە وڵاتەکەمان بەرەوڕووی بووەتەوە، بۆ ئامانجی سیاسی دەسەڵاتەمان نەگرتووەتە دەست".

سەرۆکوەزیرانی عێراق رونیكرده‌وه‌ كه‌ وەزارەتی بازرگانیی راسپاردووە بۆ ئەوەی ماده‌ی خۆراکی زیاتر لەچوارچێوەی فۆرمی خۆراکدا بۆ ھاوڵاتیان دابین بکات، له‌و روه‌وه‌ وتویه‌تی‌، "زیادکردنی نرخی خۆراک لەبازاڕەکاندا، پەیوەندی بەژمارەیەک بارزگانی چاوچنۆکەوە ھەیە، بەڵام لیژنەی تایبەتمان پێکھێناوەو بەردەوام بەئامانجی رێگرتن لەبەرزکردنەوەی نرخی خۆراک، چاودێری بازاڕ دەکەن".

سەرۆکوزیرانی عێراق تیشکی خستووەتەسەر ئەوەی کە وەزارەتی تەندروستیی ھەوڵی زۆرداوە تا جۆرەکانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا دابین بکات، راشیگه‌یاندووه‌، "زۆر گرنگە ھاووڵاتیان، ڤاکسین وەربگرن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×