عەمید سەرحەد قادر: حكومه‌تی‌ هه‌رێم ڕوی‌ نایه‌ت له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ ئەفسەرە کوردەكان قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات
  2021-04-13       1903       
عەمید سەرحەد قادر
جارێکی تر لەلایەن دادگای هێزەکانی ناوخۆی عێراقەوە لە موسڵ، دۆسیەی ئەو ئەفسەر و کارمەندە کوردانەی پۆلیسی کەرکوک هەڵدەدرێتەوە کە تۆمەتبارن بەبەشداریکردن لەڕیفراندۆم و هەوڵی دادگایی کردنیان دەدرێت، عەمید سەرحەد قادریش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ئه‌فسه‌ره‌كان ده‌ڵێت، حكومه‌تی‌ هه‌رێم ڕوی‌ نایه‌ت له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ ئەفسەرە کوردەكان قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات.

ئاوێنه‌: ژمارەی ئەو ئەفسەرو کارکەمەندە کوردانەی لەسەر بەشداری کردن لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 لەلایەن دادگاوە داواکراون نزیکەی 40 کەسە، کە لیستی ناوەکانیان بە عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری ئەوکاتی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک دەست پێدەکات و بە کارمەندێک بەناوی ( کاروان ) کۆتایی بە لیستەکە دێت.

عەمید سەرحەد قادر به‌دەنگی ئەمەریکای‌ راگه‌یاندووه‌، "بەبەشداری کردن لەڕیفراندۆم تاوانبارکراوین، لەکاتێکدا دکتۆر فواد حسێن ی وەزیری دەرەوە ئەوکات وەفد بوو، بۆ خواحافیزی کردن لە عێراق چووە بەغدا، چەندین وەزیر و پەرلەمانتاریش لەبەغدان و کەس دادگایی ناکرێت، کەچی زووم خراوەتە سەر کۆمەڵێک ئەفسەر و کارمەندی کەرکوک، گوایە بەشداری ڕیفراندۆمیان کردووە."

جەختیشیکردەوە، "چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەفدێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی پۆلیسی کەرکوکی کردبوو، تا ناوەکان بەرز نەکاتەوە بۆ دادگای هێزەکانی ناوخۆ لە موسڵ، بەڵام ڕۆژێک دوای چوونی وەفدەکە، ناوەکانیان ناردووە."

عەمید سەرحەد قادر، ڕوونیشیکردەوە ئەو ئەفسەرەی کاتی خۆی زانیاری لەسەر ئەو ئەفسەرانە کۆکردووەتەوە کە بەشداری ڕیفراندۆمیان کردووە، ئەفسەرێکی کوردە، ئه‌و وتی، "ئەفسەرێکی کوردی کۆنە بەعسی زانیاری لەسەر کۆکردینەوە، لەکاتێکدا لەسەردەمی بەعس دا کاری خراپی زۆر کردووە، کورد گەڕاوە بۆ کەرکوک عەفوی کرد، کەچی هەر تەجروبەی وەرنەگرت."

عەمید سەرحەد قادر ڕەخنەی لەحکومەتی هەرێم ده‌گرێت بەوەی خەمساردانە مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی ئەفسەرە داواکراوەکانی کەرکوک دا کردووە، کێشەکەی چارەسەر نەکردوون، ناوبراو ده‌ڵێت، "تۆمەتی سەر ئەفسەرە کوردەکان بەشداری کردنە لە ڕیفراندۆم، گومان دەکەین حکومەتی هەرێم لەڕووی نەیەت لەسەر ئەم کێشە قسە لەگەڵ وەفدی عێراق بکات."

لەدوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە، ژمارەیەک ئەفسەری کورد کەرکوکیان جێهێشتووە و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، بەدەیان ئەفسەری تریش پۆستەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×