حكومەتی هەرێم: چی لەتواناماندا بوبێت، درێغیمان نەكردوە بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئەنفال
  2021-04-14       181       

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "تا ئێستا چی لەتواناماندا بوبێت، درێغیمان نەكردوە بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئەنفال."

ئاوێنە: وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیامی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە ساڵیادی ئەنفالدا بڵاوكردەوە.

لە پەیامەكەدا هاتوە"‎ حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا چی لە توانادا بوبێت دریغی نەکردوە بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئەنفال و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتی زیاتریان و داواکردنی ماف و قەرەبوی ماددی و مەعنەوییان لە حكومەتی فیدراڵی عێراق."

دەقی پەیامەكە...

پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالی گەلی کوردستان

ئەمڕۆ سی و سێ ساڵ بەسەر پاکتاو و جینۆسایدی گەلی کوردستان لە لایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە تێدەپەڕێت کە بە چەند قۆناغێک و لە ژێر ناوی ئەنفال هەزاران کەسیان زیندەبەچاڵ کرد.

بۆیە لەم ڕۆژەدا سەری نەوازش بۆ شەهیدبوونی هەزاران کەس دادەنەوێنین کە ڕووبەڕووی نەگریسترین و دڕندانەترین کۆمەڵکوژی ناوچەکە و جیهان بوونەوە.

‎بە خۆشییەوە ئێستا گەلی کوردستان ماوەتەوەو دیکتاتۆرو بکەرانی ئەنفال لەنێو چوونە، ئەمەش نیشانەی زیندوویەتی نەتەوەکەمان و شکستی پیلانی دوژمنانە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا چی لە توانادا بوبێت دریغی نەکردوە بۆ بنەماڵەی قوربانیانی ئەنفال و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتی زیاتریان و داواکردنی ماف و قەرەبوی ماددی و مەعنەوییان لە حكومەتی فیدراڵی عێراق.

سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال

د. جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
14ی نیسانی 2021

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×