ئەمریکا: ئێجگار توڕەین بە بیستنی هەواڵی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانی عیراق
  2021-04-15       213       
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، "ئێجگار توڕەین بە بیستنی هەواڵی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانی عیراق".

ئاوێنە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی نیسانی2021، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە: "ئێجگار توڕەبووین بە هەواڵی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عیراق، خەڵکی عیراق ئازار و مەینەتی زۆریان بەدەست ئەم جۆرە تووندوتیژی و پێشێلکردنە بینی کە کراوەتە سەر سەروەری خاکیان".

شەوی رابردووش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ەوە ئەنجامدراوە.

وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاندبوو، ئاگر لە کۆگایەک کەوتووەتەوە، بەڵام کۆنترۆڵکراوە "هێرشەکەش بە درۆن ئەنجامدراوە".

وتەبێژەکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ زیانێکی گیانی بەهۆی هێرشەکەوە نەکەوتووەتەوە و سەرقاڵی دیاریکردنی زیانە ماددییەکانن".

رۆژی 15ی شوباتی ئەمساڵیش، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران و تیایدا نزیکەی هەشت کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا، کە ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

رۆژی 12ی ئەم مانگەش، ئەنجومەنی‌ ئاسایشی‌ هەرێم دانپێدانانی‌ چەند کەسێکی‌ بڵاوکردەوە و باسی لەوەدەکرد، ئەو کەسانە ئەندامی داعش بوون و بە نیازبوون بە بۆمبی‌ چێنراو و دەمانچەی‌ بێدەنگ لە هەولێر چەند هێرشێک ئەنجامبدەن.

هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچه‌ڵكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سوریاوه‌ پیلانەکە رێکخراوه‌ و ئاڕاستەکراوه."

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردبوو، "داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە بە ھەند وەربگرن."
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×