2021-04-15   1008     
گروپی "أولیا‌ء الدم" كه به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی مانگی شوباتی رابردووی سه‌ر هه‌ولێری له ئه‌ستۆگرت ڕه‌تیكرده‌وه به‌شداربووبێت له هێرشه‌كانی شه‌وی ڕابردووی هه‌ولێر و ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌شی به "ساخته" ناوبرد كه به‌ناوی ئه‌وه‌وه له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئاوێنه: شه‌وی رابردوو ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بیسترا و سه‌رچاوه‌كان رایانگه‌یاند كه مووشه‌كێك ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه كراوه.
دواتر له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان راگه‌یه‌ندراوێك به‌ناوی گروپی "أولیا‌ء الدم" بڵاوكرایه‌وه كه تیایدا به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر له ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، راگه‌یه‌ندراوێكی تر به‌ناوی هه‌مان گروپ بڵاوكرایه‌وه و تیایدا ڕه‌تیكرده‌وه به‌شداربووبێت له هێرشه‌كانی شه‌وی ڕابردووی هه‌ولێر و به‌یاننامه‌كه‌شی به ساخته ناوبرد.
لای خۆیه‌وه وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم راگه‌یێندراوێكی له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند كه "دوای لێكۆڵینه‌وه و به‌داواداچوونی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ هۆكاری ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌مشه‌وی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، ده‌ركه‌وت، هێرشه‌كه به‌ڕێگه‌ی درۆنی TNT كرا‌و بووه و ئاراسته‌ی بنكه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كراوه له ناو فڕۆكه‌خانه".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، "خۆشبه‌ختانه هیچ زیانێكی گیانی نییه و ته‌نیا زیانی ماددی به‌ر باڵاخانه‌یه‌ك كه‌وتووه. لێكۆڵینه‌وه‌كانیش به‌رده‌وامن بۆ دیاریكردنی سه‌رچاوه و شوێنی هاتنی درۆنه‌كه".