ڕێواز فایەق: بەشێکی رەخنەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نایانەوەێت ژنێک سەرکەوتوبێت لە پێگەیەدا
  2021-04-15       410       

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ژن بون کاریگەری هەیە لە سەر پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی پەرلەمان و بە گشتی هەڵسەنگاندنى کارەکانی پەرلەمانی کوردستان جۆرێک لە "دوفاقی و بێویژدانی"شی تێدایە، کە بە بەردەوامی خەریکی بەراوردکردنی کارەکانی ئەم خولەی پەرلەمانن لەگەڵ کاری خولەکانی دیکە لەسەر ئاستە جیاوازەکان، پرسیاری ئەوەش دەکات "خوله‌كانی تری په‌رله‌مانی كوردستان چییان كردوه‌ تا ئه‌م خوله‌ نه‌یكردبێت؟".

ئاوێنه‌:  د.ڕێواز فایەق،  سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا باسی لەوەشکردوە،  سەبارەت بە ئەزمونی وەک یەکەم خانم لەو پۆستەدا" لە ڕاستیدا لە سەرەتاکانی کە بوم بە سەرۆکی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک پێشبینی ئەوەم نەدەکرد کە ژن بون کاریگەری هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن کارەکانی پەرلەمانی کوردستان وەکو دامەزراوە هەڵدەسەنگێنرێت بەڵام بە تێپەڕبونی کات بۆم دەرکەوت کە بەڵێ ژن بون کاریگەری هەیە لە سەر ئەوەی پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی کوردستان بە گشتی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان جۆرێک لە دوفاقی و بێویژدانیشی تێدایە، هەروها هەستدەکەم ئەو پێوەرانەی ئێستا پەرلەمانی کوردستانی پێ هەڵدەسەنگێنرێت زۆر جیاوازە لەو پێوەرانەی کاتی خۆی پەرلەمانی کوردستانی پێهەڵدەسەنگێنرا."

د. ڕێواز فایەق سەبارەت بە بەشێک لەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێم دەکرێت؟ وتی" بە بەردەوامی گوێم لەو قسەیە دەبێت کە خەڵکی دەستەبژێر، خەڵکی ئاسایی هەرچی دەڵێت، دەیڵێت لە موعاناتی خۆی و لە خەمەکانی خۆی لەوەی کە فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستان لە ئاست و خواستی ئەودا نییە هەرچی دەڵێت ئەم بەشەی ئاساییە بەڵام لەسەر ئاستی دەستەبژێر گوێم لەوە دەبێت کە ئەمە لاوازترین خولی پەرلەمانی کوردستانە بەبێ ئەوەی بڵێت بۆ لاوازترین خولی پەرلەمانی کوردستانە چونکە کە یەکێک بە بەهێز ئەژماردەکرێت و یەکێکی تر بەهێزتر ئەژمار ئەکرێت و یەکێک بە لاواز ئەژماردەکرێت دەبێت پێوەرێک هەبێت و بوترێت ئەمە پێوەرەکەیە. بێگومان پێوەرەکان جیاوازن."

ئەوەشی خستوەتەڕو، " دەمەوێت پۆلێنی بکەم بۆ پۆلێنەکان جیاوازە، بەشێکی ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، ئێمە سوپایەک لە خەڵکی با بڵێین خەڵکمان نییە کە بە دەورمانەوە بێت و نوسەری دەرباربێت یان با بڵێین چەپڵە لێدەرو ئەوانە بێت بڵێت فڵان کەس زۆر گرنگە و پاڵەوانە و دەسەڵاتی بۆ گەل گەڕاندنەوە و ئەوەی تۆ کردوتە کەس نەیکردوە نیمە و بڕواشم پێی نییە بەوەی کە پارە خەرج بکەم بۆ بەدەستهێنانی ئەم جۆرە لە پشتیوانییە موزەیەفە فەیکە چونکە پێموایە بە تێپەڕبونی کات هەمو ئەو پاڵەوانانەی شێرە بەفرینەی کە خەڵکی تر دروستیکردون لە بنەڕەتیشدا ناوەرۆکیان وانیین ڕۆژێک دێت دەتوێنەوە."

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێوەری ڕەخنەکان بۆ ئەم خولەی پەرلەمان زیاتر وتی" بەشێکی ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کەس لە سەرۆکی پەرلەمانێکی ژن ناترسێت لەوەی هەرچی پێ بڵێت کە ڕەنگە کاردانەوەیەکی بەرامبەری هەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکان کە زیانی پێدەگات لەبەر ئەوە هەرچی بە دڵی بێت دەیڵێت ئەوەش بەلای خۆمەوە هەر ئاساییە، بەشێکی تر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لەناو حیزبە سیاسیەکاندا و لەناو خەڵکیش ڕەنگە ئاسان بێت قسە وتن بە ژنێک لە پێگەیەکدایە خۆشی ڕەنگە بەشێکی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە نایانەوەێت ژنێک سەرکەوتوبێت لەو پێگەیەدا جارێکی تر ژنێکی تر بیر لەوە نەکاتەوە کە داوای ئەو پۆستە بکات هەرچەندە خۆم پێم وانییە کەسێکی سەرکەوتونیم ئەگەر کاریگەرییەک لەسەر پەرلەمانی کوردستان هەبێت لە ئاستی خواستی خەڵکدا نەبێت ئەمە پەیوەندی بە کەسەکانەوە نییە، پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و ئابوری و پەیوەندی هێزە سیاسیەکان، پەیوەندی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە مەدەنییەکان و میدیاوە هەیە."

سەرۆکی پەرلەمان راشیگەیاند، "ئەم هەمو دامەزراوەیە و ئەنجومەنی دادوەری یان قەزا لە هەرێمی کوردستان هەموی خراپە هەموی بە یەکەوە خراپە ئێمە لە ناو فەزایەداین خۆ من لە ئاسمانەوە نەهاتوم یان کەسێکی جیاواز نیم لە هەمان ئەو ژینگەیە ئێمە پێکەوە لەگەڵ هاوڕێکانماندا ئیش دەکەین لەبەر ئەوە ڕەنگە لە ئاستی خواستی خۆمان نەبێت بەڵام لەبەر ئەوە نییە ئێمە خراپین لەبەر ئەوەیە کە ژینگەکە خۆی لە ڕوی سیاسی و لە ڕوی ئابوری لە پەیوەندی نێوان حیزبەکان ژینگەیەکی نادروستە".

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە چاودێریکردنی پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە وتی" ئەگەر لە من بپرسرێت ئەگەر من حیزبی سیاسی یەکەم بم، ئەگەر من زۆرینەی پەرلەمانی بم و حکومەتم دروستکردبێت بە بەردەوامی لە کاتی قەیراندا بیر لەوە دەکەمەوە کە سەرۆک وەزیران و کابینەکە بهێنمە بەردەمی پەرلەمان بە ناوی پرساندنەوە جارێکی تر متمانەیان پێبدەمەوە ئەگەر عەقڵیەتی سیاسی ئێمە کراوەبێت و بیەوێت مامەڵە لەگەڵ قەیراندا بکات بە عەقڵیەتێکی کراوە، ئەسڵ ئەوەیە گومان لەسەر متمانەی پەرلەمان وە متمانەی خەڵک بە کابینە دروست بو باشترین بیرکردنەوە ئەوەیە کابینە بهێنرێتەوە بەردەمی پەرلەمان لە کاتێکدا زۆرینەی زەمانە لەبەر ئەوە پێویست ناکات بەو دودڵیەوە وەربگیرێت، ئەمە بە دودڵیەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە جگە لەو حاڵەتە."

باسی لەوەشکردوە، "وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەم لەسەر داوای پەرلەمانی کوردستان هەم بە دەستپێشخەری خۆیان لە سەرۆک وەزیرانەوە بۆ وەزیرەکان ئەوەندە هاتونەتە پەرلەمان وایلێهاتوە دەتوانم بڵێم هەمو هەفتەیەک وەزیرێک لە پەرلەمانە یان لە لیژنەکانە یان لە ناو هۆڵی پەرلەمانە، لە چ خولێکی پەرلەماندا ئەوەندە وەزیر هاتۆتە ناو پەرلەمانی کوردستان، ئیشکالیەتی ئەمە لە چیدایە؟"

د.رێواز فایەق باسی لەوەشکردوە " پەیوەندیم لەگەڵ سەرۆکی هەمو حیزبەسیاسیەکان پەیوەندیەکی باش و تەندروستە، وە کەی پێویست بێت دەتوانم قسەیان لەگەڵ بکەم و ڕاوێژیان لەگەڵ بکەم لە گەورەترین حیزبی کوردستانەوە بۆ ئەو حیزبانەشی کە لەناو پەرلەمانی کوردستاندا کورسیان نییە واتە هیچ جۆرە کێشەیەکم لەگەڵ نییە واتە ژن بون نەبۆتە ڕێگر لەوەی کە پەیوەندیەکی تەندروستمان هەبێت لەگەڵ حیزبە سیاسیەکان و لەگەڵ دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان."

ئاماژەی بەوشکردوە، "تێکچونی پەیوەندی سیاسی نێوان هێزە سیاسیەکان و بە دیاریکراوەیی هەندێک هەڵچون و داچون کە لە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە لە ئێمە گەورەترە، پەیوەست بە کارکردنمان وەک لایەنێکی نێوەندگیریش بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە دیاریکراوی پارتی و یەکێتی رویاندا، ئێمە بیرمان لێنەکردوەتەوە چونکە دەزانم سەرکەوتو نابێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×