سەرۆكی پەرلەمان: متمانە بە دادگا ھەبوایە کەس نەیدەتوانی گومان بخاتەسەر بڕیاری سزادانی راگیراوانی بادینان
  2021-04-16       906       

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئازادی رادەبڕین لە هەرێم لە پاشەكشەدایەو هەندێک میدیا بونەتە مایەی ئەوەی پاساو دەدەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەست بۆ ئازادییەکانیش ببات و دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەیان نیشانەی پرسیاری لەسەرە. دەشڵێت: ئەگەر متمانەی فیعلی بە دەسەڵاتی دادوەری و بە دادگا لە هەرێمی کوردستان هەبوایە کەس نەیدەتوانی گومان بخاتە سەر بڕیاری دادگا بە زیندانیکردن یان بە حکومدانی چالاكوان و رۆژنامەنوسانی بادینان.

ئاوێنە: رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە ئەمڕۆ هەینی، بەشی دوەمی بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاندوە"بەراورد بە ساڵانی پێشو ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرەو پاشەکشەیە نەک بە تەنها لەناو هەرێمەکەدا تەنانەت لەناو حیزبە سیاسیەکانیشدا قسەکردن خەریکە وای لێدێت ئازادی ڕادەربڕین نامێنێت لە ناو حیزبی سیاسییشدا نامێنێت لە ناو خێزانیشدا خەریکە وەکو پێویست نامێنێت...باوەڕی خۆم وایە بەشێکی پەیوەندی بە میدیاوە هەیە بەشێکی پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسیەوە هەیە بەشێکی پەیوەندی بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە هەیە، ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی دە ساڵ پێش ئێستا وەکو ئێستا بو؟ میدیا وەکو ئێستا بو؟ واتە هەندێک میدیا بونەتە مایەی ئەوەی پاساو دەدەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەست بۆ ئازادییەکانیش ببات."

هەروەها سەبارەت بە بڕیاری سزادانی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان وتی"شتێک هەیە ناوی پڕەنسیبی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە نەک کێشەیە ئەمە ئەسڵە پڕەنسیبێکی دەستورییەو جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە لەناو یاساکانی هەرێمی کوردستان لەناو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا بە دیاریکراوی هاتوە هەر بابەتێک بچێتە بەردەمی دادگا ئێمە دەبێت یەکسەر لێپێچینەوەو بەدواداچون لەسەری ڕابگرین، ئەم بابەتانە لە ڕێگەی دادگاوە دەکرێن جا بە فیعلی ئەمانە بابەتی تاوانکاری- سزایین و دەبێت ببرێنە دادگا یان بابەتی ئازادی ڕادەربڕینن ئەوە دەوەستێتە سەر دەسەڵاتێکی تر کە ناوی دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان کە دەیان نیشانەی پرسیاری لەسەرە وەکو چۆن نیشانەی پرسیار لەسەر پەرلەمان، وەک چۆن نیشانەی پرسیار لەسەر حکومەتە، نیشانەی پرسیار لەسەر میدیایە لەسەر کۆمەڵی مەدەنییە لەسەر هەمو دامەزراوەکانی ترە جێی داخە من وا دەڵێم بەڵام ئەوە دادگایە یان دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان دەبێت بۆخۆی ئەم بێ متمانەیەی بەرامبەری دروست بوە بۆ خۆی جارێکی تر لە نێوان خۆی و هاوڵاتیاندا دروست بکاتەوە چونکە ئێمە هەمومان کە خەسمین دەچینە بەردەمی دادگا ئەگەر متمانەمان بە ئەو نەمێنێت مەترسیەکە لەوەدایە."

دەربارەی قسەی چەند پەرلەمانتار و چاودێرێکی پرۆسەی دادگاییکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەوانانی بادینان؟ سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی"لە کاتی خۆشیدا من وتم ئەوەی کە پەرلەمانتاران لەسەر پرۆسەی دادگاییکردنەکە باسی دەکەن ڕاست بێت و یەکلایی کەرەوە یان ئەوەی کە قسەی کۆتایی دەکات دەبێت دادگای پێداچونەوە بێت لە هەرێمی کوردستان ڕەنگە هەمو ئەو شتانەی کە کردومانە سەبارەت بە ئەوانەی بادینان لە ڕاگەیاندن قسەمان لەبارەوە نەکردبێت بەڵام ئەوەی توانیومە و ئەوەی لە سنوری پەیوەندییەکانی خۆم بوە بەکارمهێناوە بەشێکی کەمە دەبو زۆر زۆر لەوە زیاترمان بکردایە بەڵام ئەوەمانکردوە. ئەسڵ ئەوەیە دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەرکی ئێمەشە، ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێمیشە، ئەرکی حیزیبە سیاسیەکانیشە، ئەرکی کۆی دامەزراوە دەستورییە لە هەرێمی کوردستان کە دەستگیرۆیی دەسەڵاتی دادوەری بکەین بۆ ئەوەی متمانەی بگەڕێنێتەوە خۆ ئەگەر متمانەی فیعلی بە دەسەڵاتی دادوەری و بە دادگا لە هەرێمی کوردستان هەبوایە کەس نەیدەتوانی گومان بخاتە سەر بڕیاری دادگا بە زیندانیکردن یان بە حکومدانی ئەو بەڕێزانەی بادینان بەڵام ئەوە نەبونی متمانەیە وا دەکات ئەگەر بەشێک لەو شتانەی دەوترێن 5% ئەو شتانەشی کە دەوترێن ڕاست بن مرۆڤ هەر هەست بە ئارامی و سەقامگیریەکی دەرونی ناکات یان ناتوانێت بڕوا بە خۆی بکات بابەتەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە دادگایە و پەرلەمان ناتوانێت قسەی لەسەر بکات."

لەبارەی تۆمەتبارکردنی ئەو ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانە بە سیخوڕ رێواز فایەق وتی"ئێمە ناتوانین چاودێری ئەوە بکەین واتە ئیشی ئێمە نییە چاودێری دادگا بکەین چۆن یاسا جێبەجێ بکات هەموی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ تەقدیری دادوەر و دەستورو یاسا ئەو دەسەڵاتەی پێداوەو سوێندی خواردوە کە چۆن یاساکەی پەرلەمان دەریدەکات جێبەجێی دەکات، ئەوەی لە ناو چاکسازییەکاندا دۆخیان چۆنە لەڕاستیدا ئەمە قسە دەکرا کە دۆخیان چۆنە ئێمە لیژنەیەکی تایبەتمەندی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤە ناردمانن بۆ زیندان بۆ ئەوەی ئەو بەڕێزانە ببینن، بینویانن ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن و دەیدەن بە ئێمە کە ڕاپۆرتەکەیان هاتە بەردەستمان ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە وەزارەتی ناوخۆ لە وەزارەتی داد لە وەزارەتی کۆمەڵایەتی ئاگاداردەکەینەوە لە خراپی دۆخی زیندانییەکان ئەگەر ئەوان لە ناو ڕاپۆرتەکەیان ئاماژەیان بەوە دابو کە بەڕاستی دۆخیان خراپە."

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتیشی"بێگومان ئەگەر کەیسەکەیان پەیوەندی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە هەبێت بە کەیسی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، نەخێر نایاساییە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کردەیەکی دیاریکراو چ ماددەیەکی یاسایی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت ئەوە لە دەسەڵاتی دادوەرو دادگایە واتە ئەو هەڵیدەسەنگێنێت ئەو کردەیەی کە ڕۆژنامەنوسێک کە چالاکوانێکی کۆمەڵی مەدەنی کردویەتی بە ڕاستی دەچێتە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین یان دەچێتە چوارچێوەی کاری سیخوڕی؟ ئەوە ئیشی دادگایەو دادوەرە ئەگەر بە ڕاستی ئازادی ڕادەربڕین بێت و ئەوان بردبێتیان بە ماددەیەکی تر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردبن و بە ماددەیەکی تر حەواڵەیان کردبن بۆ دادگای تاوانەکان ئەوا نایاساییە."

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×