وەزارەتی دارایی عێراق رونكردنەوە لەبارەی لێبڕینی موچەوە دەدات
  2021-04-16       370       

وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ئەو نوسراوەی وەزارەتەكەیان كە بڵاوكراوەتەوەو ئیمزای عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی لەسەرە لەبارەی لێبڕینی باجەوە، بەشێكە لە جێبەجێكردنی حوكمەكانی بڕگەی (ج) لەماددەی 34 یاسای بودجە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندوە، كاردەكەن لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی ئەو بڕیارو دەقانەی لە یاسای بودجەی گشتی 2021دا هاتون و پەرلەمان دەنگی لەسەر داون.

وتوشیەتی، ئەو نوسراوەی ئیمزای عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی لەسەرە لەبارەی لێبڕینی باجەوە، بەشێكە لە جێبەجێكردنی حوكمەكانی بڕگەی (ج) لە ماددەی 34ی یاسای بودجە كە تێیدا هاتوە: پەرلەمان سەرجەم ئەو لێخشبونە گومرگی و باجییانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بەخشراون و لە دەقە یاساییە بەركارەكاندا نەهاتون.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەوان یاسا جێبەجێ دەكەن لە وەرگرتنی باج لە هەمو داهاتێك لەنێویشیاندا موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی فەرمانبەران.

بەپێی رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی، لێبڕینی باج لە موچە، چین و توێژەكانی خوارەوە ناگرێتەوەو ئەنجومەنی وەزیرانیش مافی هەڵوەشاندنەوەی هەیە.

وەزارەتی دارایی عێراق داوایشی كردوە كە بەرژەوەندی وڵات بەدوربگیرێت لە موزایەدە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر هەموان هەیەو وەزارەتەكەیشیان پەرۆشە بۆ گەرەنتیكردنی مافی فەرمانبەران و هاوڵاتیان بەپێی دەستورو هیچ موزایەدەیەكیش لەوەدا نییە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە نوسراوێكدا بۆ ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی داوای كردوە لەم مانگەوە كار بە رێنمایی دارایی ژمارە 1ی ساڵی 2007 تایبەت بە لێبڕینی باج بكرێت لە كۆی داهاتی موچەی مانگانە كە موچەی بنەڕەتی و درەماڵەكان و هاندان و پاداشت و ئیفادو هەمو جۆرەكانی دیكەی داهات دەگرێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×