جەمیل بایک داوا لەناتۆو ئەمریکا دەكات پشتگیری لەسیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد نەکەن
  2021-04-16       948       
جەمیل بایک
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان -کەجەکە- داوا لەناتۆو ئەمریکا دەكات پشتگیری لەسیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد نەکەن.

ئاوێنه‌: له‌به‌شی‌ دووه‌می‌ ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ماڵپەڕی ڕەسپۆنسبلە ستاتەجرافتدا ئه‌نجامیداوه‌، جەمیل بایک له‌باره‌ی‌ گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌ڵێت، "لەڕێگەی ڕۆژئاواو شەنگالەوە هەندێکجار پەیامی ناراستەوخۆمان بۆ دەهات. ئێمەش هەندێک پەیاممان دەنارد. ئێمە نامەمان بۆ هەموو بەڕێوەبەرە هەڵبژێرراوەکانی ئەمریکا نارد. هەندێک یەکینەی ئێمەو هەندێک یەکینەی ئەوان جاروبار بەنێوەندگیری هەندێک لایەن کۆدەبونەوە. دەیانویست لەنزیکەوە بۆچونی ئێمە بزانن، بەڵام چاوپێکەوتن لەئاستێکی گەورەدا نەبو."

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "ئێمە دەست بەڕوی کەسەوە نانێین‌و وا بیرناکەینەوە کە لەگەڵ هەندێک کەس دانانانیشین. لەتێکۆشانی ٥٠ ساڵەی ئێمەدا زۆر جار چاوپێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیش ئەنجامدراوە. ئێمە بڕوامان بەخۆمان هەیە. ئێمە پەیوەندی لەگەڵ هەموو کەسێک دەکەین کە زیان بەتێکۆشانی ئازادی‌و دیموکراسی گەلەکەمان نەگەیەنێت، بەڵام پەیوەندییەکانمان لەسەر حسابی هیچ لایەنەک نییە."

جەمیل بایک راشیگه‌یاندووه‌، "ئەگەر ئەمریکا لەپرسی چارەسەری دیموکراتیکی کێشەی کوردو دیوکراسیدا سیاسەت بکات، بۆچی پێی بڵێین نا؟ خۆی زۆر جار داوامان لەئەمریکا کردوە کە لەمبارەیەوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. لەبەرئەوەی هێزی سەرەکی کە لەبەرانبەر چارەسەری کێشەی کوردو دیموکراسی ئاستەنگە، تورکیا هاوپەیمانی ناتۆو ئەمریکایە. ئێمە تەئکید دەکەینەوە کە پێویستە ناتۆو ئەمریکا پشتگیری لەسیاسەتی قڕکردنی کورد نەکەن."


به‌شی‌ دووه‌می‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌:


-ئێوە لە عێراق دیلی شەڕی تورکتان کوشت یان نا؟ پێویستە جیهان کەی باوەڕ بە چیرۆکی ئێوە بکات؟

٤٠ ساڵە هەڵوێستمان لەبەرانبەر دیلەکان ئاشکرایە. تەڤگەرەکەمان لە بابەتی دیکەدا دەتوانرێت ڕەخنە بکرێت، بەڵام لە پرسی هەڵویستمان لەگەڵ دیلەکان، نابێت ڕەخنە بکرێین. ئێمە تا ئیستا زۆر جار دیلمان ئازاد کردوە و هیچ کەسیک لەوان نەیانوتوە، هەڵوێستێکی نەرێنیمان هەبوە. لەم بارەیەوە هەموو کاتێک بە ئەرێنی قسەیان کردوە. بەپێی دەرفەتی خۆمان، لە چوارچێوەی پەیمانی نەتەوە یەکگرتوەکاندا دەجووڵێینەوە. لە پرسی دیلەكاندا پراکتیک و هەڵوێستی ئێمە تا ئێستا دیارە و بەڵێنمان داوە. بە ٥٠ فڕۆکە ٤ ڕۆژ هەرێمەکە بۆردومان کرا کە کەمپی دیلەکانیش لەوێ بوو. بە بۆمبی گازی جۆگرافیای هەرێمەکە بۆردومان کرا. لەو کەمپەی کە دیلەکانی لێبوو، دیلەکان و ئەو گەریلایانەی کە ئەوانیان دەپاراست لە ئەنجامی هێرشە چڕ و پڕەکەدا گیانیان لەدەستدا. لەسەر لەشی نیوەی ئەو گەریلایانەی دیلەکانیان دەپاراست، جێگەی گولـلە نییە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. هەموو کەسێک دەزانێت کە ئەو دیلانە بەر لە ئۆپەڕاسیۆنەکە زیندوو بوون و تەندروستییان جێگیر بوو، بەڵام لە ئەنجامی بۆردومانە قورسەکە و شەڕدا مردن. لە کەمپی دیلەکان شەڕێکی سەخت ڕوویدا. سوپای تورک بۆ ئەوەی بچێتە ناو کەمپەکە لە دژی گەریلا چەکی کیمیایی بەکارهێنا. لە ئەنجامی هێرشەکەدا کە ئامانجەکە کوشتنی هەموو کەسێک بوو، ئاشکرا دەبێت کە بەرپرسیاری کوشتنی دیلەکان کێیە. خۆی فەرماندەیی گەریلا بانگەوازی لە هێزە بێلایەنەکان کردبوو دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن.

-ئەمریکا ئێوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەبینێت، بە بۆچوونی ئێوە لەو لیستە دەرتان دەهێنێت یان نا؟

ئەمریکا بەهۆکاری سیاسی پەکەکەی خستوەتە لیستی تیرۆرەوە. پەیوەندیی نێوان تورکیا و ناتۆ وای کرد کە بڕیارێکی بەم شێوەیە بدات. ئەو بڕیارە بۆ خۆشکردنی دڵی تورکیا دراوە. کەوتوەتە نێو سەپاندنێکی بەم شێوەیەدا. گەریلا، ڕێکخستنەکەمان نە بە ڕاستەوخۆ و نە بە ناڕاستەوخۆ، هیچ چالاکییەکی لەدژی ئەمریکا ئەنجام نەداوە. ئەمە بۆ وڵاتانی ئەوروپاش ڕاستە، بۆیە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە کە تێکۆشانی ئازادیی گەل بۆ بەرژەوەندیی سیاسی بەم شێوەیە پێناسە بکرێت. ئەمریکا لەدژی گەلی کورد تاوان ئەنجام دەدات. بە ناوی گەلی ئەمریکا مافی ئەوەی نییە کە لە دژی تەڤگەرەکەمان و تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بڕیاری بەم شێوەیە بدات. ئەمریکا ناوی ئێمەی خستوەتە ناو لیستی داواکراوەکانەوە لەبەرانبەر پارە. ئەمە ناحەقی و بێڕێزیەکی گەورەیە. پێویستە خۆی ڕەخنە بکات. بە پێچەوانەوە ئەمریکا وەک وڵاتێک کە لەدژی گەلی کورد تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە دەبینرێت و دەبێتە هاوبەشی قڕکردنی کورد. تەڤگەرەکەمان دوای ساڵی ١٩٩٠ گۆڕانکاری گەورەی ئەنجامدا. نە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە و نە لە ڕووی سیاسییەوە، هیچ کاریگەرییەکی شەڕی سارد لەسەر تەڤگەرەکەمان نەماوە. گۆڕانکاری بناغەییمان دروست کرد، بەڵام ئەمریکا تا ئێستاش بە ڕەفلەکسی شەڕی سارد دەجووڵێتەوە، دەستی لە بۆچوون و سیاسەتی شەڕی سارد هەڵ نەگرتوە.

ئێمە تەڤگەرێکی بەو شێوەیەین کە ئێستا لە چوارچێوەی تیۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا سۆسیالیزمی دیموکراتی دەپارێزین. ئێمە بڕوامان وایە کە بەبێ دیموکراسی سۆسیالیزم جێبەجێ ناکرێت. ئێمە بۆچوونی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا هەڵە دەبینین، بە نادیموکراتی پێناسەی دەکەین. ئێمە دیموکراسی و سۆسیالیزم لەیەک جیا ناکەینەوە. ئێمە خاوەن هزری کلاسیکی هەڵوەشاندنی دەوڵەت نین. لە چوارچێوەی فۆرمولی دەوڵەت + دیموکراسیا تێکۆشان دەکەین. دەستمان لە شێوە کۆنەکەی شۆڕش هەڵگرتوە، لە ڕووی پاراستنی دیموکراسی و کۆمەڵگاپارێزیدا گۆڕانکاریی گەورەمان ئەنجام داوە. تەڤگەرەکەمان لە ساڵەکانی ١٩٩٠ەوە گەورەترین شۆڕشی هزر و ویژدانی ئەنجامدا. بێگۆمان ئێمە دیموکراسی ڕادیکاڵ دەپارێزین. بناغەی سەرەکی ئەوەش، ئەمەیە کە کۆمەڵگا و ئازادی ژن و ئیکۆلۆژی دەکەینە بناغە. لەم بارەیەوە لە جیهاندا تەڤگەرەکەمان لە ریزی پێشەوەدایە. ڕێبەرەکەمان دەڵێت: ‘ئازادیی ژن لە ئازادی نەتەوەی و چینایەتی گەورەترە‌ ئەمەش هەڵوێستی ئازادیی ئێمەی دەستنیشان کردوە. هوشمەندی بناغەییش وەک هۆشمەندی ئیکۆلۆژی پێناسە کردوە.

ئەمریکا و ئەوروپاش باش دەزانن کە ئێمە گۆڕانکارییەکی گەورەمان دروست کردوە، بەڵام هەڵوێستی ئێمە لەبارەی دیموکراسی ڕادیکاڵ بە باش دەبینن ‌و ناتوانن دان بەم ڕاستییەدا بنێن.

-سەرۆک بایدن ماوەیەک لەمەوبەر حوسییەکانی لە لیستی تیرۆر دەرکرد. لە واشنتۆن، هەندێک کەس دەڵێن، پێویستی بە ئێوە هەیە، لەبەرئەوەش لەدژی تیرۆریزمی ئیسلامی شەڕ دەکەن، بڕواتان وایە بەڕێوەبەرایەتیی بایدن چاوێک بە هەبوونی ئێوە لە لیستی تیرۆردا بخشێنێت؟

دەزانرێت کە گەورەترین تێکۆشان لە دژی داعش لەلایەن ئێمەوە ئەنجام دراوە. سەرەتا لە ڕۆژئاوا، میلیتانە هێژاکانمان لە شەڕی دژی داعشدا شەهید بوون. لە ڕۆژئاوا لە سەرکەوتنی شەڕی دژی داعشدا کاریگەری و ڕۆڵی ئێمە دیارکەربوو. ڕەقا چۆن ڕزگار کرا؟ سەرکەوتنی لەدژی داعش لە ڕەقا دەبینرێت، بەڵام بە هەزاران گەریلا کە لەو سەرکەوتنەکەدا شەهید بوون نابینرێن! ئەمە قبوڵکراو نییە. ئەگەر باسی ئەخلاق، ویژدان، دادپەروەری بکرێت، ئەو کاتە دەبێت ڕاست و دروست بن. ناتوانرێت بگۆترێت “مردنی ئێوە باشە، ژیانی ئێوە باش نییە” . دەرکردنی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوەکانی تیرۆردا بەر لە هەموو شتێک، بارێکی سەرشانی ئەمریکایە کە پێویستە لەسەرشانی دایگرێت. هیچ شتێک بە تورکیا ناڵێن کە لە هەموو کەسێک زیاتر پشتگیری لە داعش کرد، بەڵام بۆ پەکەکە کە لەدژی دەوڵەتێکی بەم شێوەیە کە ئامانجی قێزەونی هەیە و پشتگیری داعش دەکات، گەورەترین ناحەقی دەکرێت! بەرلە هەموو شتێک، ویژدان و ئەخلاقی گەلی ئەمریکا ئەم شتە قبوڵ ناکات. کاتێک ئۆباما بوو بە دەسەڵاتدار، داوامان لە بەڕێوەبەری ئەمریکا کرد، ئەو ناحەقییەی لەبەرانبەر پەکەکە کراوە ڕاست بکرێتەوە. ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن بە ویژدان و دادپەروەر و لایەنگری حەق بێت، پێویستە ئەم هەڵەیە ڕاست بکاتەوە. بڕیاری داواکردنی ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ترەمپەوە درا کە دۆستی ئەردۆغان بوو. ئەگەر سیاسەتەکانی ترەمپ لەبارەی تورکیا و هەرێمەکە بگۆڕرێت، پێویستە ئەم بڕیارە بدرێت.

-لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ ئەمریکا دروست کرد؟ ئەگەر پەیوەندییەک دروست بوە، بە نێوەندگیری ڕۆژئاوا و شەنگال یان ڕاستەوخۆ بوو.

لە ڕێگەی ڕۆژئاوا و شەنگالەوە هەندێک جار پەیامی ناراستەوخۆمان بۆ دەهات. ئێمەش هەندێک پەیاممان دەنارد. ئێمە نامەمان بۆ هەموو بەڕێوەبەرە هەڵبژێرراوەکانی ئەمریکا نارد. هەندێک یەکینەی ئێمە و هەندێک یەکینەی ئەوان جاروبار بە نێوەندگیری هەندێک لایەن کۆدەبوونەوە. دەیانویست لە نزیکەوە بۆچوونی ئێمە بزانن، بەڵام چاوپێکەوتن لە ئاستێکی گەورەدا نەبوو. لەبەرئەوەی ئێمە مافدارترین تێکۆشان لە جیهاندا بەڕێوە دەبەین، ئێمە بڕوامان بە هزر و مافداری و سیاسەتی خۆمان هەیە. ئێمە دەست بە ڕووی کەسەوە نانێین و وا بیرناکەینەوە کە لەگەڵ هەندێک کەس دانانانیشین. لە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی ئێمەدا زۆر جار چاوپێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیش ئەنجامدراوە. ئێمە بڕوامان بەخۆمان هەیە. ئێمە پەیوەندی لەگەڵ هەموو کەسێک دەکەین کە زیان بە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی گەلەکەمان نەگەیەنێت، بەڵام پەیوەندییەکانمان لەسەر حسابی هیچ لایەنەک نییە. ئێمە لایەنگری هیچ پەیوەندییەک نین کە فشار لەسەر ئیرادەی ئازادی ئێمەدا بکات. ئەگەر ئەمریکا لە پرسی چارەسەری دیموکراتیکی کێشەی کورد و دیوکراسیدا سیاسەت بکات، بۆچی پێی بڵێین نا؟ خۆی زۆر جار داوامان لە ئەمریکا کردوە کە لەمبارەیەوە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. لەبەرئەوەی هێزی سەرەکی کە لەبەرانبەر چارەسەری کێشەی کورد و دیموکراسی ئاستەنگە، تورکیا هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکایە. ئێمە تەئکید دەکەینەوە کە پێویستە ناتۆ و ئەمریکا پشتگیری لە سیاسەتی قڕکردنی کورد نەکەن.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×