2021-04-16   1657     
نوری مالیكی، مه‌سعود بارزانی
نوری مالیكی ڕایگه‌یاند، له‌سه‌ر بانگهێشتی مه‌سعود بارزانی دوای جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات. ئه‌و ده‌ڵێت، "هیچ كاتێك پەیوەندیم لەگەڵ كورد ناخۆش نەبووە".
ئاوێنه: نوری مالیكی، سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا‌و سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوتری عێراق له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (الشرقیە)و لەوەڵامی پرسیارێكدا كە گوایە نێچیرڤان بارزانی پێی وتووە، كەی دەتبینین لەهەولێر؟ مالكی وتی، "بەڵێ دەچم. من كاتێكیش لەسوریا بوم بارەگایەكم هەر لەهەولێر هەبووە، بەر لەڕاپەڕینیش لەدەوروبەری هەولێر بوم".
نوری مالیكی وتیشی، "هیچ كات پەیوەندیم لەگەڵ كورد ناخۆش نەبووەو ئەوەی ڕوویداوە سیاسەت بووە".
راشیگه‌یاند، "شەرمه‌زارم لەوەی چەند جارێك مەسعود بارزانی بانگهێشتی كردوم بۆ هەولێر، بەڵام بارودۆخ‌و ئیلتیزاماتم رێگەی نەداوە، دوای جەژن دەچم، زۆربەی بانگهێشتەكانی مەسعود بارزانی كاتی كۆرۆنا هاتووەو كۆرۆناش ترسناكە بۆ ئێمە، دوای جەژن دەچم بۆ هەولێر".
سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسی سه‌رۆك وه‌زیران دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی 10ی عێراق، مالیكی وتی، گه‌لی عێراق بڕیار ده‌دات كێ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتو وه‌رده‌گرێته‌وه، "ئه‌گه‌ر من ئه‌و پۆسته وه‌ربگرمه‌وه، هه‌نگاوی یه‌كه‌مم سه‌پاندنی ئاسایش‌و ئه‌منیه‌ت‌و گێڕانه‌وه‌ی شكۆ ده‌بێت بۆ عێراق".
له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیشه‌وه ڕونیكرده‌وه، "چاودێری نێوده‌وڵه‌تیمان قبوڵه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام سه‌رپه‌رشتیكردنی ته‌واوی پرۆسه‌كه له‌لایه‌ن چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن به‌هه‌مو جۆرێك دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه".
ره‌خنه‌شی له‌سیستمی فره بازنه‌یی هه‌ڵبژاردنه‌كان گرت‌و وتی، "سه‌رنجی زۆرمان له‌سه‌ر یاسای بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه، به‌ڵام به‌سه‌رماندا سه‌پێندراو له‌گه‌ڵیدا نه‌بوین".