چوارقوڕنە.. لەسەر كوشتنی هاوڵاتییەك، شەش كەس خۆیان رادەستی پۆلیس كرد
  2021-04-17       525       

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لەسەر روداوەكەی دوێنێی ناحیەی چوارقوڕنە كە تێیدا هاوڵاتییەك درایە بەر دەستڕێژی گوللـەو گیانی لەدەستدا، كەمێك پێش ئێستا شەش كەس خۆیان رادەستی هێزەكانمان كرد.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی "لەسەر روداوەکەی دوێنێی ناحیەی چوارقوڕنە کە هاوڵاتیەک درایە بەر دەستڕێژی گوللـە کەمێک پێش ئێستا شەش کەس خۆیان ڕادەستی هێزەکانمان کرد."

وتوشیەتی"بە ماددەی 406 سەرجەمیان ڕاگیران."

دوێنێ پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا وتبوی، کاتژمێر 6:35 خولەکی ئێوارە تەرمی کەسێک بەناوی (آ، م، ب) لەدایکبوی ساڵی 1987 ڕەگەزی نێر پیشەی پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین/ بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ژاراوە، دانیشتوی ناحیەی چوارقوڕنە/ کۆڵێن سیتی گەیەندرایە پزیشکی دادوەری ڕانیە کە شوێنەواری فیشەک بەجەستەیەوە هەیە. دوای ئەنجامدانی توێکاری ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە.

پۆلیس وتبوشی"ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیسی لە ڕانیە و چوارقوڕنە ئاگادار کرانەوە بە بونی ڕوداوێکی تەقەکردن لە ناحیەی چوار قوڕنە/ کۆڵێن سیتی و لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانمان بۆ شوێنی ڕوداوەکە تەقەکەرەکان ڕایان کردبو بۆ شوێنێکی نادیار. چەند قەوانێکی تەقیوی جۆری چەکی کڵاشنکۆف و دەمانچە لە شوێنی ڕوداوەکە دۆزرانەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە."

هەروەها پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستبوەڕو"بە وتەی خێزانی کوژراوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێش خۆرئاوابون لە نزیک ماڵەکەی خۆیان لە کۆڵێن سیتی لە ناحیەی چوارقوڕنە لەلایەن چەند کەسێکەوە دەسڕێژی گوللـەی کرایە سەرو بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×