دو کۆڵبەری كورد، خەڵکی چاڵدێرانی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە کاتی کۆڵبەری لە
سنورەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەستبەسەرو بەسەخترین شێوە ئەشکەنجە
دراون کە یەکێک لە کۆڵبەرەکان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە.
ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،
لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئێوارەی پێنجشەممەی رابردو، دو کۆڵبەری خەڵکی چاڵدێران لە
کاتی کۆڵبەریدا لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە دەستبەسەركراون و ئەشکنجە دراون.
رێكخراوی هەنگاو لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە وتویەتی، لە ئەنجامی ئەشکەنجەی
هێزە ئەمنیەکانی تورکیا کۆڵبەرێکیان بە ناوی "حەسەن کەچەلانلو" تەمەن 35
ساڵ گیانی لەدەست داوە کە خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بوە.
ئاماژەی بەوەشداوە كە کۆڵبەرەكەی دیکە بە ناوی "بارام سەمەدی" بە سەختی ئەشکەنجە دراوەو توانیویەتی لە شوێنەکە
هەڵبێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئێستا ئەم کۆڵبەرە
بریندارە لە نەخۆشخانەیەكی چاڵدێران لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.
شەوی هەینی (12ی 3ی 2021)، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی بورهان سلێمانی لە
کاتی کۆڵبەری لە سنورەکانی کۆتۆل لەلایەن هێزەکانی تورکیا دەستبەسەر و لە ژێر ئەشکەنجەی
ئەو هێزانە گیانی لە دەست دا.