2021-04-17   654     
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان دەڵێت، "یوسف قەرزاوی تووشی کۆرۆنا بووە و لە ژێر چاودێریی تەندروستیی دایە".
ئاوێنه: ماڵپەری cnn عەرەبی لە نوسینگەی سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان ئەوەی بڵاوکردۆتەوە، "شێخ یوسف قەرزاوی تووشی کۆرۆنا بووە. سوپاس بۆ خوادا دۆخی باشە و خۆشەویستانی دڵنیا دەکاتەوە کە لەژێر چاودێریی تەندروستییە. داوا دەکات نزای بۆ بکرێت بۆ ئەوەی باش بێت و چاک بێتەوە".
یوسف قەرزاوی لە ساڵی 1926 لە گوندی سەفەت توراب لە ناوچەی مەحەلەت كوبرا سەر بە پارێزگای غەربییە لە میسر لەدایكبووە. گوندەكە بەوە ناسراوە دوایین هاوەڵی پێغەمبەر (د.خ) بەناوی عەبدوڵڵا بن حارس ئەلزوبەیدی لە میسر لەوێ نێژراوە.
قەرزاوی لە تەمەنی نۆ ساڵیدا قورئانی پیرۆزی بە تەجویدەوە لەبەركردووە. پەیوەندیی بە پەیمانگەكانی ئەزهەر دەكات. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو دەكات. وێڕای رووبەڕووبوونەوەی گوشاری بەردەوام و دەستگیركردنی، بەڵام دووەمی میسر بوو لە دوا قۆناخی ناوەندیدا.
دواتر دەستی بەخوێندن كرد لە كۆلێژی بنەماكانی ئایین لە زانكۆی ئەزهەر. لە ساڵی 1952-1953 بەرزترین كۆنمرەی میسری لەنێو 180 خوێندكار بەدەستهێنا. ساڵی 1954 مۆڵەتی نێودەوڵەتیی پێدرا بۆ وانەبێژی. ساڵی 1958 بڕوانامەی دیپلۆم لە پەیمانگای توێژینەوەی عەرەبیی بۆ زمان و ئەدەب، ساڵی 1960 بڕوانامەی ماجستێر لە تێزی لێكۆڵینەوە لە زانستەكانی قورئان و سوننە لە كۆلێژی بنەماكانی ئاین و ساڵی 1973 دكتۆرا بە پلەی نایاب و پێدانی پلەی شكۆمەندی یەكەم لە هەمان كۆلێژ لە تێزی زەكات و كاریگەرییەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بەدەستهێنا.