ئەمڕۆ ٢٤٤ ڕۆژە ‘بەدەل بەرواری’ مامۆستا و چالاکوان لە شاری دهۆک،‌ دەستگیرکراوە
  2021-04-18       1103       

ئەمڕۆ ٢٤٤ ڕۆژە ‘بەدەل بەرواری’ مامۆستا و چالاکوان لە شاری دهۆک، لەلایەن پارتیه‌وه‌ دەستگیرکراوە، دوای تێپەڕبوونی دوو مانگیش، دادگای لێکۆڵینەوە بڕیاری لەبارەی کەیسەکەیەوە نەداوە.

 ئاوێنه‌: بەدەل بەرواری،ڕۆژی ١٩-ئاب-٢٠٢٠، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان دەستگیر کرا، دوای ٥٦ ڕۆژ، دادگا بڕیاری بێتاوانیی دەرکرد و دەبوو لە ١٢-تشرینی یەکەم- ٢٠٢٠ ئازاد بکرایە، بەڵام ئاسایش کەیسیکی دیکەی لەدژ کردەوە و تۆمەتی”تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی” دایە پاڵ.

 لەو ماوەیەی دەستگیرکردنیدا، هیچ کەس نە پارێزەر و نە کەسوکار نەیانتوانی چاویان پێبکەوێت و ئاگاداری دۆخی بن، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جۆراوجۆر لەسەر ژیان بەدەل بەرواری لە زینداندا و فشاری زۆری ئازادییخوازان لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دوای چوار مانگ لە دەستگیرکردنی، بۆیەکەم جار کوڕەکەی و پارێزەرەکەی توانیان بیبینن، ئەو کات پارێزەرەکەی ‘ئاسۆ هاشم’، ڕایگەیاند، کە ڕێگایان پێنەداون هیچ شتێکی لێ بپرسن، تەنیا چاویان پێیکەوتوە.

ڕۆژی ١٥ی شوبات یەکەم دانیشتنی دادگایی بەدەل بەرواری، ئومێد بەرۆشکی، شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم و شڤان سەعید، لە دادگای تاوانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو.

پرۆسەی دادگاییەکە لە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی هەتا ١:٤٥ خولەکی پاش نیوەڕۆ، لە کەشێکی سەربازییدا بەردەوام بوو، هەر ئەو ڕۆژە دادوەر بڕیاریدا، دۆسیەی بەدەل بەرواری و ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکی، ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوە بکرێتەوە، ئەویش دوای ئەوەی نکۆڵییان کرد لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە و هیچ بەڵگەیەکیش لەدژیان نەبوو.

ئەمڕۆ دوو مانگ و سێ ڕۆژ بەسەر ئەو بڕیارەی دادگادا تێدەپەڕێت، هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو دوو کەیسە یەکلایی نەکراوەتەوە.

لە ماوەی ئەو ٢٤٤ ڕۆژەدا، تەنیا دوو جار ڕێگا دراوە ‘ئاری’ی کوڕی بەدەل بەرواری لەگەڵ پارێزەرەکەی چاویان پێی بکەوێت، هەروەها ٢٠ ڕۆژ جارێک ڕێگا دەدرێت بە تەلەفۆن لەگەڵ خانەوادەکەی قسە بکات.

پێشتریش گوڵستان محەمەد، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دوای سەردانییکردنی ئەو دەستگیرکراوانە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا باسی خراپیی دۆی ناوزیندانەکانی کرد و ڕایگەیاند، هۆڵەکەیان شوێنی ٣٠ کەسە، بەڵام چوار هێندە خەڵکی تێدایە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×