عێراق یەک ملیۆن و 300 هەزار ڤاکسینی دیکە وەردەگرێت
  2021-04-19       490       
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەکاریان کردووە بۆ وەرگرتنی یەک ملیۆن و 300 هەزار ژەمە ڤاکسینی دیکە کە لە چوارچێوەی بەرنامەی کۆڤاکسی نێودەوڵەتیدا دەنێردرێت.

ئاوێنە: حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، لە کۆتایی ئەم مانگەدا چەند کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا کە بریتیە لە ملیۆنێک و 300 هەزار ژەم و لە رێگەی بەرنامەی کۆڤاکسی نێودەوڵەتییەوە دابینکراوە دەگاتە عێراق.

بە وتەی وەزیری تەندروستیی عێراق ڕۆژانە لە ناوەندێکەوە ڤاکسینی کۆرۆنا ڕەوانەی پارێزگاکان دەکرێت و هەوڵدەدرێت کە ڤاکسین لە ناوەندەکانی کوتان نەبڕێت.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق پێشتر ئاشکرایکردووە کە نیازیان هەیە گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر واژوو بکەن تا بتوانن شەش ملیۆن ژەمە ڤاکسینی دیکەی ئەو کۆمپانیایە بکڕن.

عێراق تا ئێستا 49 هەزار ژەمە ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەری پێشگەیشتووە و پێشتر هەر یەک لە ڤاکسینەکانی سینۆفارمی چینی و ئەسترازێنیکا – ئۆکسفۆردی بەکار هێناوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×