به‌رپرسێكى پارتى داوا له‌وه‌زیرى ناوخۆى عێراق ده‌كات بیپارێزێت
  2021-04-20       1366       
قائیمقایمی شەنگال لەپشكى پارتی دیموکراتی کوردستان داوایه‌كى به‌په‌له‌ى ئاراسته‌ى وه‌زیرى ناوخۆى عێراق كردوه‌و داوای لێكردوه‌ بیپارێزرێت، ده‌شڵێت:"وای پێویستدەکرد هەر بەرپرسێک سەردانی ناوچەکە دەکات لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی قەزاکەدا کۆببێتەوە".

ئاوێنه‌:  مەحما خەلیل لەلێدوانێکیدا بەپێگەی IQNEWSی راگەیاندووە، بەردەوام دەبیستن فەرماندە ئەمنییەکان لەناویاندا عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی قەزای شەنگال دەکەن‌و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارییەکانی ناوچەکە ئەنجامدەدەن.

پرسیاری ئەوەشیکردووە، بۆچی نابێت حکومەتی ناوخۆیی قەزاکە لەوجۆرە کۆبوونەوەو ڕێککەوتنانەدا بەشداربن؟، جەختیشیکردۆتەوە، "وای پێویستدەکرد هەر بەرپرسێک سەردانی ناوچەکە دەکات لەگەڵ حکومەتی خۆجێیی قەزاکەدا کۆببێتەوە".

خەلیل داوای لەوەزیری ناوخۆی عێراق کردووە، لەپێناو دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی بۆ شەنگال‌و جێبەجێکردنی کاروبارە ئیدارییەکانی، ئەرکی پاراستنی بگرێتەئەستۆ.

باسی لەوەشکردووە، لەدوای ئەوەی چەندینجار لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە بۆتەوە، بۆیە ئێستا ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ قەزای شەنگال.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا مەحما خەلیل وتویەتی:"ئەو هەڕەشانە بەهۆی بێسەرەوبەریی‌و بوونی چەکی لەدەست دەرچوو ئەو گرووپە چەکداریانەوەیە کە کە هیچ ڕێزی یاساکان‌و دەسەڵاتی دەوڵەت ناگرن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×