پەرلەمانی كوردستان چەند پرسێك تاوتوێ دەكات
  2021-04-20       333       

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك و دەنگدان لەسەر یاسای هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان كۆدەبێتەوە.

ئاوێنه‌: رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە بانگهێشتنامەیەكدا كە ئاڕاستەی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە  رایگەیاند، بە پشت بەستن بەحوكمی بڕگەی (سێیەم) لەماددەی (18)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عیراق، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئەندامە‌كانی پەرلەمان بكەین بۆ دانیشتنی ژمارە (8)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لەخولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عیراق، لە سەعات 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێ شەممه.

هەر بەپێی بانگهێشتنامەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بەم شێوەیە دەبێت:
یەكەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای (هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق)، بەپێی حوكمی ماددەكانی (90، 91، 93، 96، 97) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
دووەم: خستنەڕووی بیرۆكەی ئەم پەرلەمانتارانەی خوارەوە، بەپێی حوكمی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (49) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق:
1. بیرۆكەی پەرلەمانتار (گەلاوێژ عبید عوسمان) سەبارەت بە (زۆربوونی نەخۆشیی شێرپەنجە).
2. بیرۆكەی پەرلەمانتار (شنۆ ئەشقی عەبدوڵڵا) سەبارەت بە (ڕەخساندنی هەلی كار لەهەرێمی كوردستان -عیراق).
سێیەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای ( هەمواری یەكەمی یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لەسنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەهەرێمی كوردستان-عێراق، ژمارە (3)ی ساڵی 2019)، بەپێی حوكمی ماددەكانی (79، 80) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
چوارەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەم پێشنیازەیاساو بڕیارانەی خوارەوە، بەپێی حوكمی ماددەكانی (87، 88، 89) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:
1. پێشنیازەبڕیاری (ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی لەهەرێمی كوردستان-عیراق).
2. پێشنیازەیاسای (بەڕیوەبردن و پاراستنی شوێنەوارو كەلەپوور لەهەرێمی كوردستان-عیراق).

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×