که‌جه‌که‌: ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت تۆوى سیخوڕى کردن بۆ بێگانه‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵگاى کوردیدا بچێنێت
  2021-04-21       719       
کۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که‌) وه‌ڵامى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا ده‌داته‌وه‌ که‌ خه‌ڵاتى دیارى کردووه‌ بۆ جاسوسى کردنى بۆ سێ سه‌رکرده‌یان و جه‌ختله‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌" نه‌ک خه‌ڵاته‌ بۆ دادگه‌رى به‌ڵکو به‌رتیله‌ بۆ سیخوڕی".

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ى نیسانى 2021، کۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که‌) له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا وه‌ڵامى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریدا ده‌داته‌وه‌و تێیدا هاتووه‌:"ئه‌م بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا و دووپات کردنه‌وه‌ى دواى سێ ساڵ بڕیارى به‌ بێ چاره‌سه‌رهێشتنه‌وه‌ و سووربوون له‌سه‌ر  به‌رده‌وامیدان به‌ کێشه‌ى کورده‌ و له‌ هه‌مانکاتدا ده‌بێته‌ هانده‌ر بۆ سیاسه‌تى جینۆسایدى فیزیکى و سیاسى که‌ دوژمنانى گه‌لى کورد، به‌ تایبه‌تى ده‌سه‌ڵاتى فاشیستى ئه‌ردۆغان و باخچه‌لى له‌ دژى گه‌له‌که‌مان په‌یڕه‌وى ده‌که‌ن".

هاوکات کۆماجڤاکێن کوردستان ئه‌وه‌ش دووپاتده‌که‌نه‌وه‌ که‌"ئه‌مه‌ریکا به‌م بڕیاره‌ى خۆى ده‌یه‌وێت تۆوى سیخوڕى کردن بۆ بێگانه‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵگاى کوردیدا بچێنێت و ره‌وایه‌تى پێبدات و به‌م شێوه‌یه‌ شیرازه‌ى که‌لتوورى و ئه‌خلاقى کۆمه‌ڵگاى کوردستان بشێوێنێت".

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ " ئه‌م بڕیاره‌ى ئه‌مریکا سیخوڕیکردنه‌ بۆ ده‌زگاى جاسۆسى میت و پاڵنه‌ر و وه‌ره‌به‌خشه‌ بۆ داعش. چۆنکه‌ ئه‌و سێ هه‌ڤاڵه‌ تێکۆشه‌ره‌مان له‌ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ى پیلانه‌کاى داعش و میت له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوین دا رۆڵى به‌رچاویان گێڕاوه‌".

ده‌قى به‌یاننامه‌ى کۆماجڤاکێن کوردستان(که‌جه‌که‌):
‌بۆ راى گشتی

له‌ به‌روارى ٢٠ى نیسانی٢٠٢١ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا بڕیارێکى نادادپه‌ره‌وه‌رانه‌ى دووباره‌ کرده‌وه‌ که‌ ساڵى ٢٠١٨ دا له‌ دژى سێ هه‌ڤاڵى به‌ڕێوه‌به‌ر و پێشه‌نگى ته‌ڤگه‌رى ئازادیخوازى کوردستان ده‌ریکردبوو. له‌م بڕیاره‌دا به‌ پشت به‌ستن به‌ درۆ و چه‌واشه‌کارى و تۆمه‌تى خه‌یاڵى داوا له‌ خه‌ڵک ده‌کرێت که‌ گوایه‌ سیخوڕى بۆ ئه‌مریکا بکه‌ن تا کو بتوانێت زه‌ره‌ر به‌و هه‌ڤاڵانه‌مان بگه‌یه‌نێت.

لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌وه‌ رابگه‌یه‌نین که‌ نه‌ ئه‌م بڕیاره‌ و نه‌ تۆمه‌ته‌کانى له‌ لایه‌نى مێژوویی، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، یاسایی،  ئینسانى و ئه‌خلاقییه‌ خاوه‌نى هیچ ره‌وایه‌تییه‌ک نیین. ئه‌م بڕیاره‌ سۆکایه‌تى کردنه‌ به‌ ویژدانى گه‌لى کورد و ویژدانى گه‌لى ئه‌مریکا. نه‌ رێبه‌ر ئاپۆ، نه‌ ئه‌و سێ هه‌ڤاڵه‌مان و نه‌ هیچ ئه‌ندامێکى PKK و بزووتنه‌وه‌ى ئاپۆچى تا ئێستا هیچ چالاکییه‌کى راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆیان له‌ دژى ده‌وڵه‌ت و گه‌لى ئه‌مریکا ئه‌نجام نه‌داوه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى ئه‌مریکایان نه‌کردۆته‌ ئامانج. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌رده‌وام داوایان له‌ ئه‌مریکا کردووه‌ که‌ وه‌کو هێزێکى کاریگه‌رى گۆڕه‌پانى نێو ده‌وڵه‌تى بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى کورد رۆڵى ئه‌رێنى بگێڕێت. ئه‌و سێ هه‌ڤاڵه‌ و ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ که‌ ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تى ده‌که‌ن، به‌ تێکۆشانى خۆیان گه‌لى کورد و گه‌لى ئه‌مریکا و هه‌موو مرۆڤایه‌تییان له‌ به‌ڵایه‌کى ره‌شى وه‌کو داعش پاراستووه‌. هه‌ربۆیه‌ گه‌لى ئه‌مریکا هه‌روه‌کۆ چۆن له‌ نموونه‌ى کۆبانێ و سه‌رێکانیدا بینرا، به‌رده‌وام پشیتوانى له‌ گه‌لى کورد کردووه‌ و په‌یوه‌ندییه‌کى پته‌وى ویژدانى و ئه‌خلاقى له‌گه‌ڵ گه‌لى کورد و دۆزه‌ ره‌واکه‌ى داناوه‌. ئه‌م بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌مانکاتدا بڕیارێکه‌ له‌ دژى ویژدان و هه‌ستى دادپه‌روه‌رى گه‌لى ئه‌مریکا.  ئه‌گه‌ر له‌ به‌ر تێکۆشانى رێبه‌ر ئاپۆ، هه‌ر سێ هه‌ڤاڵى پێشه‌نگمان و به‌ هه‌زاران شه‌هیدى سه‌ربه‌رزى PKK نه‌بوایه‌، داعش تووشى شکست نه‌ده‌هات و ده‌بوو به‌ واقیعێکى سیاسى رۆژهه‌ڵاتى ناوین و ئه‌مریکا ناچار ده‌ما، هه‌ر وه‌کۆ چۆن له‌گه‌ڵ تالیبان، له‌گه‌ڵ  داعیشیش، به‌ میواندارى تورکیا، ده‌ست به‌ دانۆستان بکات.

ئه‌وه‌ى که‌ پێویسته‌ دادگایى بکرێت ئه‌ردۆغان و کاربه‌ده‌ستانى ده‌وڵه‌تى تورکیان که‌ له‌ راستیدا دووانه‌ى ئایدیۆلۆژى و سیاسى داعشن، به‌ ده‌یان هه‌زار چه‌ته‌یان له‌ چوارگۆشه‌ى دونیاوه‌ له‌ رێگه‌ى تورکیاوه‌ سه‌ره‌تا هه‌نارده‌ى سوریا و ئێراق کرد و دواى کۆمه‌ڵکوژى و کاولکارییه‌کى زۆر له‌م دوو وڵاته‌، هه‌نارده‌ى  ئه‌وروپا و ئه‌فریقیا و قه‌فقاسیان کردن و له‌وێش هه‌مان کۆمه‌ڵکوژى و تاوانیان پێک هێنا. تورکیا هه‌موو ئه‌مانه‌ى له‌به‌ر چاوى ئه‌مریکاوه‌ ئه‌نجام داوه‌ و ئه‌نجامى ده‌دات و به‌ ره‌زامه‌ندى ئه‌مریکا ئێستا بۆته‌ سپۆنسۆرى هه‌موو چه‌ته‌ جیهادییه‌کان له‌ سه‌رتاسه‌رى دونیا.  

ئه‌م بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا و دووپات کردنه‌وه‌ى دواى سێ ساڵ بڕیارى به‌ بێ چاره‌سه‌رهێشتنه‌وه‌ و سووربوون له‌سه‌ر  به‌رده‌وامیدان به‌ کێشه‌ى کورده‌ و له‌ هه‌مانکاتدا ده‌بێته‌ هانده‌ر بۆ سیاسه‌تى جینۆسایدى فیزیکى و سیاسى که‌ دوژمنانى گه‌لى کورد، به‌ تایبه‌تى ده‌سه‌ڵاتى فاشیستى ئه‌ردۆغان و باخچه‌لى له‌ دژى گه‌له‌که‌مان په‌یڕه‌وى ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ هه‌وڵێکه‌ که‌ به‌ بازرگانى کردن به‌ خوێنى کورد و گه‌لانى دیکه‌ى هه‌رێمه‌که‌وه‌ ده‌یه‌وێت ده‌وڵه‌تى فاشیستى تورکیا و ئه‌ردۆغان رازى بکات له‌ سیاسه‌تى هه‌رێمى و  نێوده‌وڵه‌تى دا پشتیوانى له‌ سیاسه‌ته‌کانى ئه‌مریکا بکات. چاره‌سه‌رى دیموکراتییانه‌ى کێشه‌ى کورد کلیلى چاره‌سه‌رى هه‌موو کێشه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى ناوینه‌ و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا به‌م بڕیاره‌ى خۆى نیشانیدا که‌ سووره‌ له‌ سه‌ر قووڵکردنه‌وه‌ى کێشه‌ى کورد و به‌رده‌وامیدان به‌ قه‌یران و ئاڵۆزى و کۆمه‌ڵکۆژى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناویین.

 ٢٢ ساڵ له‌مه‌و پێش، ده‌وڵه‌تى ئه‌مریکا به‌ بێ ره‌چاوکردنى هیچ یاسایه‌کى نێوده‌وڵه‌تى و ئه‌خلاقى و سیاسى و ئینسانی، هه‌موو هێزى خۆى به‌کار هێنا بۆ رفاندن و راده‌ستکردنه‌وه‌ى رێبه‌ر ئاپۆ به‌ ده‌وڵه‌تى فاشیستى تورکیا. ئه‌وه‌ ٢٢ ساڵه‌ رێبه‌ر ئاپۆ به‌ دوور له‌ هیچ یاسایه‌کى ئینسانى گۆشه‌گیریه‌کى دژوارى به‌سه‌ر دا ده‌سه‌پێنرێت. ئه‌مه‌ تاوانێکى گه‌وره‌ى سیاسى  و ئه‌خلاقى و مرۆڤایه‌تییه‌ و پێویسته‌ ده‌وڵه‌تى ئه‌مریکا له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى که‌ سیخوڕى به‌سه‌ر پێشه‌نگ و که‌سایه‌تى سیاسى کورده‌وه‌ بکات به‌ هۆى رفاندن و راده‌ستکردنى رێبه‌رئاپۆ و هاندانى سیاسه‌تى گۆشه‌گیرى له‌ سه‌ر ئه‌و داواى لێبوردن له‌ گه‌لى کوردستان  و گه‌لانى رۆژهه‌ڵاتى ناوین بکات. داواى لێبوردن بکات چۆنکه‌ ئه‌م سیاسه‌ت و کرده‌وه‌ى ئه‌مریکا کێشه‌ى کوردى به‌ بێ چاره‌سه‌رى هێشتۆته‌وه‌ و رێگه‌ى له‌به‌رده‌م رژاندنى خوێنى به‌ده‌یان هه‌زار که‌س کردۆته‌وه‌. ئه‌و بڕیاره‌ى که‌ له‌سه‌ر سێ هه‌ڤاڵى پێشه‌نگمان گیراوه‌، درێژکراوه‌ى هه‌مان سیاسه‌ته‌. هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ به‌ڕێوه‌به‌رانى ده‌وڵه‌تى ئه‌مریکا ده‌ستبه‌جێ داواى لێبوردن له‌ گه‌لى کورد و گه‌لى ئه‌مریکا بکه‌ن، ئه‌م هه‌ڵه‌ مێژوویى و ئه‌خلاقییه‌یان راست بکه‌نه‌وه‌ و کار بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى بکه‌ن که‌ خۆى له‌ ئازادى رێبه‌ر ئاپۆ و چاره‌سه‌رى دیموکراییانه‌ى کێشه‌ى کورددا ده‌بینێته‌وه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا 
نه‌ک خه‌ڵاته‌ بۆ دادگه‌رى به‌ڵکۆ به‌رتیله‌ بۆ سیخوڕی. ئه‌مه‌ریکا به‌م بڕیاره‌ى خۆى ده‌یه‌وێت تۆوى سیخوڕى کردن بۆ بێگانه‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵگاى کوردیدا بچێنێت و ره‌وایه‌تى پێبدات و به‌م شێوه‌یه‌ شیرازه‌ى که‌لتوورى و ئه‌خلاقى کۆمه‌ڵگاى کوردستان بشێوێنێت. ئه‌م بڕیاره‌ى ئه‌مریکا سیخوڕیکردنه‌ بۆ ده‌زگاى جاسۆسى میت و پاڵنه‌ر و وه‌ره‌به‌خشه‌ بۆ داعش. چۆنکه‌ ئه‌و سێ هه‌ڤاڵه‌ تێکۆشه‌ره‌مان له‌ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ى پیلانه‌کاى داعش و میت له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوین دا رۆڵى به‌رچاویان گێڕاوه‌.

لێره‌دا بانگه‌وازى له‌ راى گشتى مرۆڤایه‌تى و به‌تایبه‌ت راى گشتى گه‌لى ئه‌مریکا و گه‌لى کورد ده‌که‌ین که‌ به‌ دره‌ک کردن به‌و راستییه‌ى که‌ ئه‌م بڕیاره‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى داعش و ده‌وڵه‌تى فاشیستى تورکیادایه‌، هه‌موو رێگایه‌کى مه‌ده‌نى و دیموکراتى بگرنه‌ به‌ر و گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تى ئه‌مریکا که‌ له‌م بڕیاره‌ و کرده‌وه‌کانى دى پاشگه‌ز بێته‌وه‌ و چیدى گه‌لى کورد و گه‌لانى هه‌رێمه‌که‌ تووشى کۆمه‌ڵکوژى و جینۆساید نه‌کاته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ رێزدا

 
کۆمیته‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى کۆما جڤاکێن کوردستان KCK
٢١ى نیسانى ٢٠٢١ 
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×