2021-04-21   627     
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند کە بەهۆی کەمبارانی ئەمساڵ ئاستی ئاو لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان زۆر کەمە و لە هەر وێستگەیەکیش تەنها یەک تۆرباین کاری پێدەکرێت.
ئاوێنه: لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئاشکرایکرد، ” بە پێی ئەو بڕە ئاوەی کە ئێستا هەیە لە بەنداوەکانی کوردستان، بەنداوی دوکان 14 مەتر لە ئاستی پڕبوونی خۆی دابەزیوە و بەنداوی دەربندیخانش 18 مەتر، لە کاتێکدا هەموومان لە بیرمانە ساڵی 2019 هەردوو بەنداوی ناو براو لەم وەرزەدا تەواو پڕ ببوون و ژمارەیەکی زۆری تۆرباینەکانی وێستگەکانمان ئیش پێدەکرد و ئاستی ئاوی بەنداوەکان لە لوتکەدا بوون”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو سەرچاوانەی ئاو کە دەهاتنە ناو هەردوو بەنداوەکە ڕێژەی هاتنی ئاو کەمی کردووە و ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئاوی هەردوو بەنداو، کەمبارانی ئەم ساڵ تەواو نزیکی کردینەوە لە مەترسی کەمی ئاوی.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی هۆشداری دەدات و ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر ساڵی داهاتوو ڕێژەی باران بارین هاوشێوەی ئەم ساڵ بێت و گرنگی پێنەدرێت هەمووان گرفتار دەبین و ئاومان نابێت، ئەمە ئەو گرفتەیە کە دەبێت گرنگی پێبدرێت و حکومەت و لایەنەکان بیکەنە دیالۆغ و گەڕان بەشوێن چارەسەردا وهك ئهگهرێك لهبهرچاوبگیرێت و له ئێستاوه پلانى بۆ دابنرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە حکومەت و وەزارەتەکان و پارێزگاری سلێمانی دەکات، گرنگی بە بابەتەکە بدەن و پلانی ساڵی داهاتوو لە ئێستەوە دابنێن لەسەر هەمان ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵ وەکو خۆئامادە کردن و چارەسەر دۆزینەوە بۆ ساڵی داهاتوو.
داوا لە وەزارەتى کارەباش دەکات لە ڕێگەی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمەوە بەکارهێنان و ئیشپێکردنی یەکەکانی ( تۆرباینەکانی ) هەردوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دوکان و دەربەندیخان لە ستراتیجی بەرهەمهێنانی کارەباوە بگۆڕن بە ستراتیجی گلدانەوەی ئاو، واتە کاتی ئیشپێکردنی یەکەکان بگونجێنن لەگەڵ پێداویستیی ئاوی شاری سلێمانی و دەوروبەری و ناوچەی گەرمیان.