حکومەتی هەرێم: 25ی مانگ موچه‌ دابه‌ش ده‌كرێت
  2021-04-21       839       

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،  لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی بودجه‌ كراوه‌ و بابه‌تی موچه‌ی موچه‌خۆرانی كوردستان تاوتوێكراوه، دەشڵێت، "نیگەرانین لە دەوامی هەندێک لە فەرمانگەکان بەتایبەت لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، خەمساردیەک هەیە لە دەوامکردن".

ئاوێنه‌: جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا باسی بودجه‌ كراوه‌ و بابه‌تی موچه‌ی موچه‌خۆرانی كوردستان تاوتوێكراوه‌ و هێشتان نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ بڕیار، به‌ڵام پابه‌ندی به‌ڵێنی خۆمان ده‌بین و له‌ هه‌ر 30 رۆژ جارێك موچه‌ دابه‌ش ده‌كرێت، بەڵام بێگومان دەبێت واقعی دۆخی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیردرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆدا چەند پڕۆژە یاسایەک تاوتوێ کران و پەسەندکران لەوانە، پڕۆژە یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ژمارە (22)ی ساڵی 2011 لە هەرێمی کوردستان، پڕژەی بەرکارکردنی یاسای رەسمی پولی عێراق ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی کوردستان کارابکرێت، جگە لەوە پەیڕەوی رێکخستنی پاسەوانی پەسەندکرا و لەماوەیەکی کورتدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "لەبارەی دەوامەوە هەندێک بیرۆکە پێشنیار کران، ئێمە نیگەرانین لە دەوامی هەندێک لە فەرمانگەکان بەتایبەت لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی، خەمساردیەک هەیە لە دەوامکردن، ئێمە فەرمانبەران بە پارێزگار و ئەوانەی پەیوەندیان هەیە بەو باوەتەوە بەدواداچونی بۆ بکەین، چونکە ئەو بابەتە دەچێتە چوارچێوەی زیادبونی رۆتین، کە حکومەت بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات و پێویستە دامەزراوەکان لە خزمەتی هاوڵاتیان بێت و لە زوترینکاتدا بەپێی توانا مامەڵەکانیان رایی بکەن". 

ئەوەشی خستەڕو، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی رۆشنبیری راسپارد کە رێنمایی گونجاو لەبارەی روماڵکردنی هەندێک حاڵەتی کۆمەڵایەتی لەلایەن کەناڵەکانەوە دەربکات، بۆ ئەوەی بتوانین روماڵکردنی ئەو جۆرە هەواڵانە کەمبکرێتەوە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتیشی، "ئێمە بڕیارمانداوە کە کارکردن لەسەر پڕۆژەی بودجە بەردەوام بێت و بڕیارە هەفتەی داهاتو پڕۆژە بودجە تەواوبکرێت".

لەبارەی دابەشکردنی موچە، جوتیار عادل وتی، "ئێمە پابەندین لەسەر بڕیاری خۆمان بۆ دابەشکردنی موچە لە 25ی هەمو مانگێک، بێگومان هەر گۆڕانکاریەک لە چوارچێوەی ئەو رێژەی تەمیولە یان هەر رێژەیەکی تر لەو چوارچێوەیەدا لەبەرچاو دەگیرێت بەپێی ئەو سیاسەتەی کە حکومەت هەیەتی و بەپێی ئەو پلانەی وەزارەتی دارایی و پلاندانان هەیانە، بەڵام ئێمە پابەندین کە 25ی مانگ موچە بدەین".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×