كازمی زیاتر لە یەك هەزار پڕۆژەی وەبەرهێنانی لەعێراق هەڵوەشاندەوە
  2021-04-21       487       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە یەك هەزار پڕۆژەی وەبەرهێنان لە عێراق كە ئەو پڕۆژانەن بەڕێژەی لەسەدا سفر بۆ 35 جێبەجێ كراون لەكاتێكدا وادەی جێبەجێكردنیان تەواو بوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران سەردانی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی عێراقی كردوەو لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ دەستەكە، سێ بڕیاری دەركردون.

بڕیاری یەكەم، بەپێی راگەیەندراوەكە، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی سەرجەم ئەو پڕۆژانەی كە رێژەی جێبەجێكردنیان لەسەدا سفر بۆ 35ەو وادەی جێبەجێكردنیان تەواو بوە كە ژمارەی ئەو پڕۆژانەی بەو جۆرەن یەك هەزارو 128 پڕۆژەن.

هەروەك بڕیارێكی دیكەی كازمی، پابەندبونی تەواوەتییە بە حوكمەكانی ماددەی 28ی یاسای وەبەرهێنانەوە كە بریتییە لە ئاڕاستەكردنی هۆشداریی بۆ ئەو پڕۆژانەی تەواونەكراون و دەستەی وەبەرهێنانیش بەدواداچون و چاودێری جێبەجێكردنی ماددەكەو رێكارەكان بكات.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، بڕیاری سێیەم، سەندنەوەی مۆڵەت لەو وەبەرهێنەرانەی كە لەوادەی خۆیدا پڕۆژەكان تەواو ناكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×