ئاژانسە هەواڵییەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، شەوی رابردوو ئیسرائیل لەلایەن موشەکێکی سوریاوە کراوەتە ئامانج و لە بەرامبەردا ئیسرائیلیش چەندین بنکەی سوریای کردووەتە ئامانج.
ئاوێنه: درەنگانی شەوی چوارشەممە ٢١ی نیسان میدیا ئیسرائیلییەکان رایانگەیاند:" مووشەکێکی سووری لە باشووری وڵاتی ئیسرائل کەوتە خوارەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە:"ئامانجی مووشەکەکە بنکەی ئەتۆمی دیمۆنا بووە، بەڵام مووشەکەکە لە نزیک گوندێکی عەرەب نیشیندا کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە".
بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەو وڵاتە، ئیسرائیل رایگەیاندووە:" لە تۆڵەی ئەو مووشەکەدا چەندین بنکەی سوریا کراونەتە ئامانج".
بنکەی ئەتۆمی دیمۆنا، یەکێکە لە دامەزراوە ناوەکییە زۆر چالاکەکانی وڵاتی ئیسرائیل و تا ئێسیتا وڵاتی ئیسرائیل ئاماری تەواوی لەبارەی ئەو بنکەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و هیچ کەسێک نازانێت توانا راستییەکانی ئەو بنکەیە لە بواری سەربازیدا تا چ ئاستێکە".