ئەمریکا نەخشەڕێگای هەڵگرتنی سزاکانی پێشکەشی ئێران کرد
  2021-04-22       636       

لە درێژەی دانوستانەکانی ڤییەنا، ئەمریکا نەخشەڕێگای تایبەت بە هەڵگرتنی سزاکانی پێشکەشی ئێران کرد.

ئاوێنه‌: بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و ناوەڕۆکی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا-ی خستەڕوو ئاشکرا کرد کە لە دانوستانەکاندا بەرپرسانی واشنتۆن، نەخشەڕێگایەکیان پێشکەشی ئێران کردووە و تیایدا ئەو سزایانە خراونەتەڕوو کە ئەگەر حکوومەتی تاران بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی، لەسەری هەڵدەگیردرێن.

دەربارەی نەخشەڕێگاکە و ئەو سزایانەی هەڵدەگیردرێن، بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕوو، بەڵام ئەوەی ئاشکرا کرد کە نەخشەڕێگاکە لەڕێی وڵاتانی نێوەندگیرەوە پێشکەشی ئێران کراوە و لەژێر سێ ناونیشاندا باس لە هەڵگرتنی سزاکان کراوە.

بەم پێیەش ئەمریکا، بەندەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران-ی لەژێر سێ ناونیشاندا کۆکردوەتەوە کە بریتین لە "ئەو سزایانەی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵدەگیرێن"، "ئەو سزایانەی پەیوەندییان بە رێککەوتنەوە نییە و بەردەوام دەبن" و "ئەو سزایانەی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆ لەسەر هەڵگرتن یان مانەوەیان دەکرێت".

بەرپرسەکەی ئەمریکا، باسی لەوە کرد کە لەنێو بەندەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی سزاکان بەندی سێیەم قورسترین بەندە، چونکە زۆرێک لەو سزایانەی لە قۆناغی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ خراونەتە سەر ئێران دەچنە خانەی ئەم بەندەوە و مشتومڕی ئەوەیان لەسەرە کە ئایا دەچنە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی یان نا. بۆ نموونە لە سەردەمی ترەمپ-دا هەندێک سزا لەژێر ناونیشانی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بەسەر ئێران-دا سەپێندراون. ئەم جۆرە بابەتانەش تا ئێستا مشتومڕ لەسەریان بەردەوامە.

 ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە لەنێوان ئێران کە داوای هەڵگرتنی تەواوی ئەو سزایانەی لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تا ئێستا بەسەریدا سەپێندراون، دەکات و ئەو خاڵەی ئەمریکا پێی گەیشتوە هێشتا جیاوازی هەیە. تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە وێڕای ئەو بەرەوپێشچوونە ئەرێنیانەی لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا هاتوونەتە ئارا هێشتا نەگەیشتونەتە خاڵێک کە ببێتە هۆی ئەنجامدانی گۆڕانکاری گرنگ.

ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە تا کاتێک ئێران هەنگاوی کرداری تایبەت بە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نەگرێتەبەر، ئەمریکا تەواوی سزاکانی لەسەر هەڵناگرێت، لەم روانگەیەشەوە چاوەڕێی هەنگاوێکی بنیاتنەرانە و ئەرێنی لە حکوومەتی تاران دەکەن.

تا ئێستا ئەمریکا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ سزای خستووەتە سەر ئێران.

رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کە لە ساڵی ٢٠١٥دا واژوو کرا کاردانەوەی توندی لایەنگرانی پارتی کۆماری ئەمریکا-ی لێکەوەتەوە.

دواتر کە دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨دا بە شێوەی یەک لایەنە لە رێککەوتنەکە کشایەوە و ژمارەیەکی زۆر سزای خستە سەر حکوومەتی تاران.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×