لەدوای وەگرتنی ژەمی یەكەم، فایزەرو ئەسترازێنیكا مەترسی توشبون بە كۆرۆنا كەمدەكەنەوە
  2021-04-23       1125       

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی ئۆكسفۆرد، هەردو ڤاكسینی فایزەر و ئەسترازێنیكا، بەشێوەیەكی بەرچاو مەترسی توشبونی ئەو كەسانەیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمكردۆتەوە كە ژەمی یەكەمی یەكێك لەو ڤاكسینانەیان وەرگرتوە.

ئاوێنە: بەپێی لێكۆڵینەوەكە كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوكراوەتەوە، لێكۆڵەران وتویانە، جیاوازییەكی وا لەنێوان توانای ئەو دو ڤاكسینەدا نییە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی توشبون بە كۆرۆنا.

لێكۆڵینەوەكە پشتی بەو زانیارییانە بەستوە كە لە وەرگرتنی نمونە لە لوت و قوڕگی زیاتر لە 370 كەس لە بەریتانیاو وێڵز بەدەستهاتون لەنێوان مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردو تا مانگی نیسانی ئەمساڵ.

بەپێی قسەی زانایان دوای سێ هەفتە لە وەگرتنی ژەمی یەكەمی ڤاكسینی فایزەر یا ئەسترازێنیكا لەلایەن ئەو كەسانەوە، تێكڕای توشبون بەڕێژەی لەسەدا 65 دابەزیوەو لەدوای وەرگرتنی ژەمی دوەمیش دابەزینی رێژەكە زۆر زیاتر بوە.

وتوشیانە، وا دەردەكەوێت هەردو ڤاكسینەكە هاوڵاتیان دەپارێزن لەو كۆرۆنا گۆڕاوەش كە لە بەریتانیا كەشف كرا.

دكتۆر كوین بۆیلز، لێكۆڵەر لە زانكۆی ئۆكسفۆرد رایگەیاندوە، هەندێك بەڵگە هەن لەبارەی توشبونەوەی چەند كەسێك بە كۆرۆنا دوای وەرگرتنی ڤاكسین بەڵام توشبون لەنێو ئەو كەسانەدا كە ڤاكسینەكەیان وەرگرتوە زۆر سنوردارە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×