2021-04-23   699     
سه‌رۆكی زۆرینه‌ی دیموکراتەکان لەئەنجومەنی سینات، نیازی جۆ بایدن سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ناساندنی كوشتاری ئه‌رمه‌نییه‌كان به‌جینۆساید ئاشكراده‌كات.
ئاوێنه: سیناتۆر چاک شومەر، سه‌رۆكی زۆرینه‌ی دیموکراتەکان لەئەنجومەنی سینات له‌توێتێكدا رایگه‌یاند، "جۆ بایدن به‌نیازه ببێته یەکەم سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا كوشتاری ئه‌رمه‌نییه‌كان له‌لایه‌ن ئیمپراتۆری عوسمانی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌جینۆساید بناسێنێت".
ناوبراو نوسیویه‌تی، "ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌مێژوه‌وه بۆ سه‌رۆكه‌كانمان ماوه‌ته‌وه. بڕیاره رۆژی شەممە، یادی ساڵوه‌گه‌ڕی جینۆسایدەكه بکەینەوە؛ به‌مه‌ش حکومەتی ئه‌مریكا راستییه‌كان ده‌سه‌لمێنێت".
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كۆشكی سپی، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئانقه‌ره واشنتن به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر ببات‌و توركیا كاردانه‌وه‌ی توندی له‌به‌مبه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته هه‌بێت.
ساڵانه لەرۆژی 24 مانگی نیساندا لهئه‌رمینیاو وڵاتانی جیهان ساڵیادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئه‌رمه‌نییه‌كان ده‌كرێته‌وه، كه به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه مێژوییه‌كان ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه، له (24ی نیسان/ ئه‌پرێلی 1915)و له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌مدا له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه دژ به‌پێكهاته‌ی ئه‌رمه‌نی كراوه.