رۆیتەرز: بایدن بە ئەردۆغانی وتوە كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان بە جینۆساید دەناسێنێت
  2021-04-24       1593       

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە كە دوێنێ هەینی، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیادا، پێی وتوە كە بە نیازە كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان لە ساڵی 1915 لەسەر دەستی عوسمانییەكان بە جینۆساید بناسێنێت.

ئاوێنە: دوێنێ هەینی، دوای زیاتر لە سێ مانگ لە دەستبەكاربونی، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا ئەنجامداوە.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە بڵاویكردۆتەوە كە بایدن بە ئەردۆغانی وتوە، بەنیازە ئەمڕۆ شەممە، كە هاوكات لەگەڵ ساڵیادی كوشتاری ئەرمەنییەكاندا، ئەو كردەوەیەی 106 ساڵ لەمەوبەر، بە جینۆساید بناسێنێت.

لە بەیاننامەی كۆشكی سپی و بەیاننامەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیادا سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان سەرۆكانی هەردو وڵات، هیچ ئاماژەیەك بەو پرسە نەكراوە.
ئەمڕۆ 24ی نیسان، 106 ساڵ بەسەر كوشتاری ئەرمەنییەكاندا لەسەر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تێپەڕدەبێت.

چەند وڵاتێكی وەك روسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، كەنەدا ئیتاڵیا و لوبنان ئەو كوشتارەیان وەك جینۆساید بەڕەسمی ناساندوە، بەڵام وڵاتانێكی وەك بەریتانیاو ئیسرائیل لەنێو ئەو وڵاتانەدان كە هێشتا دەستەواژەی دیكە بۆ وەسفكردنی ئەو كارەساتە بەكاردەهێنن.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندوە، ئەمڕۆ ئیدارەی بایدن بەیاننامەیەكی تایبەت بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان بڵاودەكاتەوە.

بەپێی میدیاكانی ئەمریكا، ئەمڕۆ جۆ بایدن، وەك یەكەم سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان بەڕەسمی بە جینۆساید دەناسێنێت.

چاوەڕوان دەكرێت بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان لەلایەن بایدنەوە، پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو ئەمریكا زیاتر ئاڵۆز بكات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×