لەبارەی گرانبونی بەنزین ژوری بازرگانی سلێمانی ڕونکردنەوە دەدات
  2021-04-26       494       

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ''ڕسومات لەسەر هاوردەکردنی به‌نزین ١٠ هێندە زیادیکردووە و نرخی دۆلار و هاوکاری نەکردنی حکومەت بۆ به‌نزینخانەکان هۆکاری گرانبونی بەنزینە''.

ئاوێنە - زریان محەمەد: سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەئاوێنەی ڕایگەیاند: ''بازرگانانی هاوردەکردنی سوتەمەنی پێیان ڕاگەیاندین نرخی سوتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان زیادیکردووە ، دابەزینی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار و زیادبونی ڕسومات هۆکارێکی دیکەی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنیە''.

راشیگەیاند: ''حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی زیاد بکات بۆوەرگرتی ئەو بڕە به‌نزینەی چۆن بۆ پارێزگاکانی خواروی عێراق دابین دەکرێت هەرێمی کوردستان بێ بەش نەبێت لەو بڕە سوتەمەنیە کەنرخی بە ٤٥٠ دینار دیاریکردووە بەمەش نرخ جێگیر دەبێت''.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئاماژە بەوەشدەکات پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردنی به‌نزین پێشتر لەلای پارێزگاری سلێمانی دەدرا به‌ بازرگانان بۆ هاوردەکردنی سوتەمەنی بەڵام ئێستا چۆتەوە لای بەڕێوەبەرایەتی سامانە سروشتیەکان کە بۆ هەر تۆنێک ١٥ دۆلار تا ٢٥ دۆلار وەردەگرێت وە رسوماتی باجی دەرامەت لە ١٨ هەزار دینارەوە زیادبووە بۆ ١٨٠ هەزار دینار ئەمانە هەموی کاریگەری لەسەر بەرز بونەوەی نرخی به‌نزین هەبووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×