سەنتەری میترۆ داوای ئازادكردنی رۆژنامەنوسێكی "فوڕات نیوز" دەكات
  2021-04-26       465       

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، رایگەیاند پێویستە دامەزراوە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێز لە پیشەی رۆژنامەنوسی بگرن و ئاستەنگ بۆ كارەكانیان دروست نەكەن و دەسبەجێ پەیامنێری ئاژانسی فورات نیوز ئازاد بكەن.

ئاوێنە: شەوی ڕابردوە لەكاتی روماڵكردنی ڕێپێوانێك لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی دژبە هێرشە سوپای توركیا، هێزەكانی ئاسایش چەند خۆپیشاندەرێك و رۆژنامەنوس (ڕێباز حەسەن)‌،  دەستگیركردو تا ئێستا ئازاد نەكراوە.

ئەمڕۆ دوشەممە، سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێكدا لەزاری دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەرەكەوە، رایگەیاند، پێویستە دامەزراوە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێز لە پیشەی رۆژنامەنوسی بگرن و ئاستەنگ بۆ كارەكانیان دروست نەكەن و داوایكرد "دەسبەجێ پەیامنێری ئاژانسی فورات نیوز ڕێباز حەسەن بكەن."

جەختیكردەوە"ناكرێت روماڵكردنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت بكرێتە بیانو بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی، یان دەسگیركردنی رۆژنامەنوسان."

درەنگانی شەوی رابردو، تەڤگەری ئازادی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاسایشی سلێمانی رێگری لە رێپێوانێكی ئەوان كردوە كە ویستویانە لە شەقامی سەهۆڵەكەی شاری سلێمانی دژ بە هێرشی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان ئەنجامی بدەن و نزیكەی 25 بۆ 30 كەسیان دەستگیركردون.

نەریمان ئەحمەد، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی تەڤگەری ئازادیی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی"ئێمە بە ئەرکێکی ئەخلاقییمان زانی بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا چالاکییەک ڕێکبخەین لە سەهۆڵەکەوە بۆ بەردەم باخی گشتی، خەڵکێکی زۆریش بەدەم بانگەوازییەکەمانەوە هاتبوو، بەڵام بەداخەوە ئەوەی چاوەڕوانمان نەدەکرد و لامان سەیر بو، ئاسایشی سلێمانی ڕەشبگیرییەکی گەورەی لە سەهۆڵەکە کرد."

وتیشی"نزیکەی 25 بۆ 30 ئەندام و وڵاتپارێز و هاوڵاتی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراون."

ئاماژەی بەوەشکرد"ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی سلێمانی قسەمان کرد بۆ ئەوەی ئەو ڕەشبگیرییە ڕابگرن، ئەوان پێیان وتین کە لەسەروی خۆیانەوە فەرمانیان پێکراوە هەرکەسێک بەشداریی ئەو چالاکییە بکات دەستگیری بکەن."

ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی ئەوەشی وت"ئێمە جگەلەوەی هێرشەکانی تورکیا شەرمەزار دەکەین، ئەو هەڵوێستەی یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتیش بەتوندی شەرمەزار دەکەین، داواکاریشین هەرچی زوە دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن، بەپێچەوانەوە هەڵوێستیی توندمان دەبێت و بەردەوام لە شەقام دەبین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×