ژوری بازرگانی سلێمانی هۆكارەكانی گرانبونی بەنزین ئاشكرادەكات
  2021-04-26       468       

سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند، ڕسومات لەسەر هاوردەکردنی بەنزین 10 هێندە زیادیکردوەو نرخی دۆلار و هاوکارینەکردنی حکومەت بۆ بەنزینخانەکان، هۆکاری گرانبونی بەنزینە.

ئاوێنە: ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لەزاری سیروان محەمەد،سەرۆکی ژورەكەوە رایگەیاند: بازرگانانی هاوردەکردنی سوتەمەنی پێیان ڕاگەیاندین نرخی سوتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان زیادیکردوە، دابەزینی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار و زیادبونی ڕسومات هۆکاری دیکەی بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنین.

وتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی زیادبکات بۆ وەرگرتی ئەو بڕە بەنزینەی چۆن بۆ پارێزگاکانی خواروی عێراق دابین دەکرێت، هەرێمی کوردستان بێ بەش نەبێت لەو بڕە سوتەمەنییە کە نرخی بە 450 دینار دیاریکردوە بەمەش نرخ جێگیر دەبێت.

سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئاماژەی بەوەش دا پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین پێشتر لەلای پارێزگاری سلێمانی دەدرا بۆ هاوردەکردنی سوتەمەنی، بەڵام ئێستا چۆتەوە لای بەڕێوەبەرایەتی سامانە سروشتییەکان کە بۆ هەر تۆنێک 15 دۆلار تا 25 دۆلار وەردەگرێت و رسوماتی باجی دەرامەت لە 18 هەزار دینارەوە زیادبوە بۆ 180 هەزار دینار، ئەمانە هەموی کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخی بەنزین هەبوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×